دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانییەوە داوای چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی بودجە و مووچە دەکات

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە چارەسەرێکی دەستووریی هەمیشەیی بۆ پرسەکانی بودجە و مووچە بدۆزرێتەوە و ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێنە ئاستەنگ لەبەردەم بازرگانی و وەبەرهێناندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" ڕایگەیاند، پێویستە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە چوارچێوەیەکی دەستووریی ڕوون سەبارەت بە پرسەکانی دارایی، گومرگ و باجەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجیان عێراقێکە کە سەرجەم پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، ئێزدی و تەواوی هاووڵاتییان پەنا بۆ دەستوور ببەن نەک هێز، و مافەکانیان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاساوە بپارێزێت نەک بە گۆڕانی هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

سەبارەت بە پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە کە دەبێت کێشەکانی بودجە، مووچە، نەوت و غاز بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بکرێن بە جۆرێک مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییان پارێزراو بن.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانج سەرکەوتنی هیچ لایەنێک نییە بەسەر ئەوی دیکەدا، بەڵکو مەبەست سەرکەوتنی عێراقێکی فیدراڵی و دەستوورە، چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بەهێزیی عێراقەوە.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، کاتێک ئاماژەی بە ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد، وەک سەرمایەیەک بۆ هەرێم و وڵات وەسفی کرد و دەستخۆشیی ئاراستە کرد لە بەرامبەر ئەو ماوە درێژەی پێکەوە کاریان کردووە. 

پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسەکانی بودجە، مووچە و هەناردەکردنی نەوت ماوەیەکی زۆرە جێگەی مشتومڕە و چەندین لیژنەی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنیان پێکهێنراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP