هەرێم نیوز
یەکێک لە نهێنیترین ڕێگاکانی دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایان کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران میکانیزمێکی نهێنیی "ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا"ی لەگەڵ چین بەکارهێناوە، تا لە ڕێگەیەوە نەوتی خاو بگۆڕێتەوە بە کڕینی کەلوپەلی جۆراوجۆر بە بەهای ملیاران دۆلار، کە کەرەستە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەربازیشیان لەنێودایە.
ئەم ڕێککەوتنە ژێربەژێرە وەک شادەمارێکی دارایی هاوکاریی تارانی کردووە لە کاتێکدا گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی واشنتن بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە گەیشتبوونە لوتکە، هاوکات ڕێگەی بە پەکین، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانە، داوە تا بەردەوام بێت لە دەستکەوتنی نەوتی هەرزانی ئێران بەبێ ئەوەی بانک و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووبەڕووی سزای دارایی و دوورخرانەوە لە سیستەمی دۆلار ببنەوە.
تاران ئەم میکانیزمەی بۆ کڕینی دەرمان، کەرەستەی پزیشکی، ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان بەکارهێناوە، لە پاڵ جێبەجێکردنی گرێبەستێکی کڕینی کەلوپەلی بەرگریی ئاسمانی بە بەهای ملیۆنان دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر فرۆشتنی چەکی باو بە ئێران کارا بووەتەوە.
زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە کۆمپانیای بازرگانیی نەوتی سەر بە دەوڵەتی چین ناسراو بە "ژوهای ژێنڕۆنگ" مانگانە سەدان ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر حیسابی هەژمارێکی دارایی ناڕوون بە ناوی "ژوشین"، کە هیچ تۆمارێکی فەرمیی لە بەڵگەنامەکانی چیندا نییە و وەک دامەزراوەیەکی نهێنی مامەڵەی پێوە کراوە، بە جۆرێک نزیکەی ٧٠٪ی داهاتەکە بۆ پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری لە ئێران تەرخان کراوە و ئەوەی دیکەشی بۆ دانەوەی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە ڕۆیشتووە کە کەلوپەل و کەرەستەی سەربازی بۆ تاران دابین دەکەن.
بەپێی خەمڵاندنەکان لە ماوەی یەک ساڵدا نێوان دوو بۆ دوو ملیار و نیو دۆلار لە ڕێگەی ئەم هەژمارەوە گواستراوەتەوە کە بە هاوبەشی لەلایەن بانکە پەیوەندیدارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران و دەستەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی چین بەڕێوەبراوە.
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی چین ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم ڕێککەوتنە هەبێت و جەختی لە نایاساییبوونی سزاکانی ئەمریکا کردەوە، چاودێرانی سیاسی و نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکین ئەم میکانیزمە نهێنییانە پەیڕەو دەکات تاوەکو بتوانێت بەرگەی گوشارەکانی ئەمریکا بگرێت و هێڵەکانی مامەڵەی لەگەڵ تاران بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی دامەزراوە داراییە فەرمییەکانی خۆی بخاتە بەر مەترسیی سزاکانی واشنتن.