دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

زەنگی مەترسی بۆ کەشتیوانیی جیهانی؛ حوسییەکان دەروازەی باب ئەلمەندەب دادەخەن

هەرێم نیوز

کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی بازرگانیی جیهان؛ حوسییەکان دەگەنە ناوجەرگەی گەرووی باب ئەلمەندەب و زەنگی مەترسی لەسەر ٧٪ی نەوتی جیهان لێدەدەن
لە وەرچەرخانێکی مەیدانی و ستراتیژیی کتوپڕدا لە ڕۆژئاوای یەمەن، چەکدارانی حوسی توانییان لە چەندین قۆڵەوە دەست بەسەر زنجیرەیەک پێگەی هەستیاری کەناراوەکانی دەریای سوور و دەروازەکانی گەرووی باب ئەلمەندەبدا بگرن.

ئەم پێشڕەوییە سەربازییە دوای پاشەکشەی لەناکاوی هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن هات لە چەندین ناوچە و دوورگەی چارەنووسساز، کە بە شادەماری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەی جیهان دادەنرێن لە نێوان کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە.

سەرەتای ئەم پێشڕەوییە نوێیە بە دەستبەسەرداگرتنی شار و بەندەری مێژوویی موخا دەستی پێکرد، کە بە دووریی ٧٥ کیلۆمەتر لە باکووری گەرووی باب ئەلمەندەب هەڵکەوتووە و پێگەیەکی سەرەکییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەناراوەکانی باشووری دەریای سوور. هاوکات لەگەڵ کەوتنی شارۆچکەی کەناراویی زوباب لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان موخا و گەرووەکە، هێزەکانی حوسی توانییان هێڵەکانی گەمارۆدان تەسکتر بکەنەوە و ڕێڕەوەکانی پشتیوانیی سەربازی لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعیز بپچڕێنن.

مەترسیدارترین قۆناغی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی میۆن (پریم) بوو، کە لە ناوجەرگەی گەرووی باب ئەلمەندەبدا هەڵکەوتووە و ئاوی گەرووەکە دابەشی دوو ڕێڕەوی کەشتیوانی دەکات. کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دوورگەیە لەگەڵ کۆمەڵە دوورگەی حەنیش لە باشووری دەریای سوور، دەسەڵاتێکی چاودێری و بەرگریی ڕەها بە حوسییەکان دەبەخشێت بۆ ئاراستەکردنی چەکەکانیان و شوێنگیرکردنی هەر جووڵەیەکی کەشتیوانی لە نزیکترین مەوداوە.

ئەم پەرەسەندنە خێرایە لە کاتێکدایە کە بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کەپلەری نێودەوڵەتی، زیاتر لە ٧٪ی تەواوی نەوتی خاوی جیهان لەم گەرووەوە بەرەو بازاڕەکان دەگوازرێتەوە.

چاودێرانی سەربازی و ئابووریی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن لەوەی کە هەژموونی حوسییەکان بەسەر باب ئەلمەندەبدا، بەتایبەت لە سایەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزدا، دەتوانێت هاتوچۆی کەشتیگەلی نەوتی و کەلوپەلی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنە بکاتەوە و شەپۆلێکی نوێی گرانی و پچڕانی هێڵەکانی دابینکردن لەسەر ئاستی جیهان بهێنێتە ئاراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP