لە شیکارییەکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دەریای سوور، مارک ئەلمۆند نووسیویەتی کە ئەنساروڵڵای حوسی لە یەمەن لە ئێستادا هەڕەشەیەکی گەورەتر لە خودی ئێران بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست دەکەن، بەهۆی توانایان لە بەئامانجگرتنی ڕێڕەوە سەرەکییەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە.
هێرشەکانی سەر هێڵی بۆریی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا"ی سعودیە دەریانخستووە کە ئەم گرووپە توانایەکی بەرچاویان لە پەکخستنی هەناردەی نەوتی سعودیە هەیە، هاوکات تێکچوونی هاتوچۆ لە دەریای سوور کاریگەرییەکی قورستر لە گرژییەکانی گەرووی هورمز دروست دەکات، چونکە ئەم ڕێڕەوە دەروازەیەکی بازرگانیی بەرفراوانتر و هەمەجۆرترە، بە جۆرێک گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا تێچوو و ماوەی گەیشتنی کاڵاکان بۆ بەکاربەران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای مووشەکی و درۆن لە لایەن گروپێکی وەک حوسییەکانەوە هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ وڵاتانی زلهێز، چونکە ئامرازەکانی پەکخستنی ئابووریی جیهان کەوتوونەتە دەست هێزی ناوچەیی کە کۆنتڕۆڵی پێگەی ستراتیژی دەکەن. هاوکات شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ڕووبەڕووی محەمەد بن سەلمان بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا داواکارییەکانی ڕیازی بۆ هاوکاریی سەربازی ڕەتکردووەتەوە و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی ئاسمانی دەربڕیوە، کە ئەوەش بژاردەیەکی زۆر هەستیارە بۆ سعودیە؛ بەمەش بێمەیلیی واشنتن بۆ دەستوەردان لە بەرەی یەمەن و ئاڵۆزیی ململانێکە دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانەی لەسەر بازاڕی جیهان قووڵتر کردووەتەوە.