دواین هەواڵ

جیهان‌

 27 خولەک پێش ئێستا

هێزەکانی حکومەتی یەمەن ناوچەی بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی زوبابیان کۆنترۆڵ کرد

هەرێم نیوز

هێزەکانی حکومەتی یەمەن کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ستراتیژیی بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی سەربازیی زوبابیان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بە پاڵپشتیی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگیی سعوودیە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بە ناوی "بەرەبەیانی یەمەن" دەست پێکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەنەوە بڵاویانکردەوە کە هێزەکانی حکومەت پێشڕەوییەکی گەورەیان کردووە و ناوچەی بابولمەندەب و دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی زوبابیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعز کۆنترۆڵ کردووەتەوە.

 ئەم پێشڕەوییانە پاش ئەوە دێن کە ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن، لە پلاتفۆرمی (ئێکس) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بەرەبەیانی یەمەن"ـی بۆ گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ڕزگارکردنی سەنعای پایتەخت و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حووسییەکان ڕاگەیاند.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاشکرای کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە بەشداریی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی حووسییەکان و پاڵپشتیی ئاسمانیی بەردەوام بۆ هێزەکانی یەمەن دابین دەکەن. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ٣٢٤ ئامانجی گرنگیان خاپوور کردووە و پاراستنی ئاسمانیی گەرووی بابولمەندەبیان دەستەبەر کردووە. 

لە لایەکی دیکەوە و لە پەراوێزی ئەم پەرەسەندنانەی ناوچەکەدا، ماڵپەڕی (واڵا)ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە سوپای ئەمریکا لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە ئیسرائیل جێگیر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP