هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی دەوڵەتانی ئەوروپا بە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە جەنگ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت بنکە ئاسمانییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکارهێنراوە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی فەرمیدا وڵاتانی ئەوروپای بە هاوبەش و شەریکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە ئێران تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا کە ناتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە بدزنەوە.
عێراقچی بە ئاماژەدان بە ڕاگەیەندراوەکانی بەرپرسانی هاوپەیمانیی ناتۆ گوتی، بەپێی ئەوەی چەند هەفتەی پێشوو لەلایەن سکرتێری گشتیی پەیمانەکەوە ئاشکرا کرا، زیاتر لە پێنج هەزار فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن و هێرشی سەربازی لە دژی خاکی ئێران، لە بنکە ئاسمانییەکانی نێو خاکی ئەوروپاوە هەستاون.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە تایبەتی تیشکی خستە سەر هەڵوێستی فەرەنسا و ڕایگەیاند کە فەرەنسییەکان بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆیان بۆ جەنگەکە دەربڕیوە و لە ڕێگەی نامەوە بە فەرمی بە دۆناڵد ترەمپیان ڕاگەیاندووە کە لە جەنگی دژی ئێراندا هاوکاریی سەربازی و مەیدانی پێشکەش دەکەن.
عێراقچی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە ئێستا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەدەست قەیرانی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەم کێشانە بە لێکەوتی شەڕێکەوە دەبەستنەوە کە لە بنەڕەتدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەستیان لە هەڵگیرساندنیدا نەبووە.
لە کۆتایی وتەکانیدا، عێراقچی داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد چاوەکانیان بکەنەوە لە ئاست ئەو واقیعەی کە تێیدان؛ جەختیشی کردەوە ئەو قەیرانە قورسە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی ئەمڕۆ بەرۆکی ئەوروپا و ناوچەکەی گرتووەتەوە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتە هەڵە و چەوتانەن کە بەرپرسانی ڕۆژئاوا لە سەرتاسەری جیهان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە نێوخۆی ئەوروپاشدا پەیڕەویان کردووە.