هەرێم نیوز
بەگوێرەی نوێترین ئاماری سەنتەری هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ٢٦٣ هەزار و ٤٥٦ ئاوارە و پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی 10ـی 2026، سەنتەری هەماهەنگیی قەیرانەکان ئاشکرای کرد کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ٢٧ کەمپی فەرمیی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٩ کەمپیان بە تەواوەتی بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان کراون.
بەپێی داتاکانی سەنتەرەکە، دابەشبوونی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: ١٤١ هەزار و ١٠١ کەس (زۆرترین ژمارەی پەنابەران لەخۆدەگرێت).
پارێزگای دهۆک: ٨٦ هەزار و ٦٠٦ کەس.
پارێزگای سلێمانی: ٣٥ هەزار و ٧٤٩ کەس.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە بەشێکی زۆری ئەم پەنابەرانە لە ناوخۆی شارەکان و لە دەرەوەی کەمپەکان لەگەڵ دانیشتووانی ناوخۆیی نیشتەجێن و بەشەکەی دیکەشیان لە کەمپە فەرمییەکاندا لە ژێر چاودێری و هاوکاریی دەزگا خێرخوازییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەژین.