دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

مۆسکۆ زەنگی مەترسی لێدەدات؛ چۆن بەریتانیا و فەرەنسا دەخرێنە نێو ململانێی ڕاستەوخۆی ئەتۆمی لەگەڵ ڕووسیا؟

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشدارییەکی توندی دایە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە خێراکردنی پڕۆسەی «دووبارە بەسەربازیکردنی ئەوروپا»، و ئاشکرای کرد کە پلانێک لە ئارادایە بۆ بەکارهێنان و تێکەڵکردنی هێز و توانستە ئەتۆمییەکانی هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە بە «ئامانجە هاوبەشەکانی ئەوروپا» ناوزەند دەکرێن.

لە میانی وتارێکیدا لە دانیشتنی لیژنەی یەکەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنستانتین ڤۆرۆنتسۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری و بڵاونەکردنەوەی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە ڕێڕەوی بەچەکدارکردنەوەی کیشوەری ئەوروپا گەیشتووەتە ئاستێک کە هەوڵدەدرێت جبەخانەی ئەتۆمیی لەندەن و پاریس لە ڕێگەی هاوکاریی دەوڵەتە نائەتۆمییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆوە بخرێتە کار. بەرپرسە ڕووسییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لە سیاسەتی «پەرچەکرداری پێشوەختە»ی پاریس، لە ئێستادا باس لە دابینکردنی «چەتری ئەتۆمی» دەکرێت لەلایەن لەندەنەوە بۆ ئەو هێزانەی بەشدارن لە «هێزی گەڕانی هاوبەش»دا.

ڤۆرۆنتسۆڤ پەردەی لەسەر مانۆڕە سەربازییە نوێیەکانی حلفی ناتۆ لادا کە لە ژێر ناوی «Steadfast Noon» لەسەر خاکی ئیتاڵیا لە نێوان ١٣ بۆ ٢٣ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت بە بەشداریی ١٧ دەوڵەتی ئەندام؛ ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم مانۆڕە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەبێ هیچ شاردنەوەیەک بۆ ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئەمریکیی جێگیرکراو لە ئەوروپا ئەنجام دەدرێت و ئاڕاستەکەی ڕاستەوخۆ دژی ڕووسیایە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم دواییانەدا هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا هەنگاوی مەیدانییان ناوە بۆ فراوانکردنی ئەرکی هێزە ئەتۆمییەکانیان و پلانی زیادکردنی قەبارەی جبەخانە ئەتۆمییەکانیان هەیە. لە بەرامبەردا، مۆسکۆ بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە تەواوی ئەم جووڵانە لە هەژمارە ئەمنییەکانیدا دادەنێت و وەڵامێکی هاوسەنگیان دەداتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەم جۆرە سیاسەتانە سەقامگیری و هاوسەنگیی ستراتیژی لەسەر ئاستی جیهان دووچاری داڕمان دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP