دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

بەریتانیا لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران دەترسێت

هەرێم نیوز 

ئاگری جەنگەوە تا تۆڕی سیخوڕی بەریتانیا لە نێوان چەکوشی تاران و مۆسکۆدا

ڕۆژنامە بەریتانی و نێودەوڵەتییەکان زەنگی هۆشداری لێدەدەن سەبارەت بەو مەترسییە ئەمنی و ستراتیژییە قورسانەی کە ڕووبەڕووی بەریتانیا دەبنەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا.

بەپێی وتارێکی شیکاریی کریس هیووز لە ڕۆژنامەی «دەیلی میرەر»ی بەریتانی، تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر گەڕێکی نوێی ململانێ لە نێوان واشنتن و تاراندا—کە لەوانەیە پشتیوانیی مۆسکۆ و پەکینیشی لەگەڵدا بێت—بەریتانیا دەخاتە بەردەم مەترسیی ڕاستەوخۆ؛ بەتایبەت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە (تەخریب)، چالاکیی سیخوڕی و هێرشی گروپە چەکدار و بریکارەکانی سەر بە تاران.

ئەم مەترسییانە تەنها ئەگەری سەر کاغەز نین؛ نووسەری وتارەکە ئاماژە بە ڕووداوە ئەمنییەکەی مانگی ڕابردووی نزیک بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Fairford) دەکات، کە واشنتن بۆ فڕینی بۆمبهاوێژە قورسەکانی بەکاری دەهێنێت. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠ حاڵەتی دەستگیرکردن لە پەیوەندی بە چالاکیی هەواڵگری و ئەمنیی سەر بە ئێران لە بەریتانیا ئەنجامدراون، کە زۆربەیان هەوڵیان داوە بنکە سەربازییەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بکەنە ئامانج. هیووز هۆشداری دەدات کە هەرچەندە هاوکاریی سەربازیی ئێستای بەریتانیا بۆ ئەمریکا تا ڕادەیەک سنووردار بێت، بەڵام هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا وا دەکات دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا ببنە ئامانجی سەرەکیی تاران.
هاوکات، ڕۆژنامەی «واشنتن پۆست»ی ئەمریکی تیشکی خستووەتە سەر ئاڵۆزیی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان لە سەردەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و ئاماژە بە هەڵبەز و دابەزی پەیوەندییەکانی ناوبراو لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلینسکی و ڤلادیمێر پوتین دەکات؛ لەوانەش گرژییەکان بەهۆی بڕیاری کڕینی ٣٦ ملیۆن بەرمیل دیزڵی ڕووسی و سڕکردنی سزاکان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نادیار لە واشنتن هاوپەیمانە ئەوروپییەکان و بەتایبەت بەریتانیا دەخاتە بەردەم هاوکێشەی زۆر پڕمەترسی لە نێوان فشاری مۆسکۆ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی «گاردیان»ی بەریتانی هۆشداری داوە لە لێکەوتە ناوخۆییەکانی ئەم قەیرانە نێودەوڵەتییانە؛ لەوانەش بەکارهێنانی ئاژاوە و گرانیی ژیان لەلایەن ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپاوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە ژێر دروشمی «سەپاندنی یاسا و نەهێشتنی ئاژاوە»، کە دەکرێت سەقامگیریی ناوخۆیی وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوشانی هەڕەشە دەرەکییەکان دووچاری لەرزین بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP