هەرێم نیوز
لە بەردەوامیی دانوستانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لەبارەی پابەندی و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
پێکهاتەی شاندەکە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکە پێکهاتوون لە: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، و بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
ئامانجی کۆبوونەوەکان لە بەغدا
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵی ئەنجام دەدات.
ئەم کۆبوونەوانە بە مەبەستی بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧.
جێگەی ئاماژەیە، ڕەشنووسی یاسای بودجەی ٢٠٢٧ لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە لەسەر بڕگە داراییەکان و پشکی پارێزگاکان، لە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراقەوە گەڕێندرابووەوە بۆ وەزارەتی دارایی تا هەموارکردن و پێداچوونەوەی پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت.