دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کەناڵی ئەی بی سی: بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمریکا، ئێران ژمارەی هێرشەکانی لە گەروی هورمز زیادیکردوە

هەرێم نیوز

ئێران هێرشەکانی بۆ سەرکەشتییەکانی لە گەروی هورمز چڕکردوەتەوە و تەواوی هەوڵی خۆیدەدات، تا گەمارۆکان لەسەری لانەچن، رەوشی گەروی هورمز ئاسایی نابێتەوە.
کەناڵی  ئەی بی سی نیوز بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو هێرشە تۆمارکراوانەی لە ماوەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا کراونەتە سەر کەشتییەکان لە گەروی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا 31 هێرش و تاوەکو 18ی تشرینی دووەمیش 19 هێرشی تر لە گەروی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمار کراون؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی نێوان مانگەکانی ئادار تا ئەیلوول، بە کۆی گشتی تەنیا 53 روداو تۆمار کرابوون.
ڕاپۆرتەکە لە زاری شارەزایانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە زیادبوونی ئەم هێرشانە بە ئامانجی سەختترکردن و بەرزکردنەوەی تێچووی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ پاراستنی رەوتی هەناردەکردنی نەوت لە گەروی هورمزەوە.
 بە بڕوای ئەو شارەزایانە، ئێران دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بەردەوام بێت، هەناردەکردنی ئاسایی نەوت لە ناوچەکەدا مەحاڵە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێران سەرەڕای بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبن، هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک نەوتهەڵگریش کە لە کەنداوی فارسدا وەستاون، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی ئاسایشی کەشتیوانی و ژێرخانی وزە لە ناوچەکەدا لێکەوتوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP