دواین هەواڵ

مەترسی لێدوانەکانی "تۆم باراک" لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان

‌بڵند دلێر شاوەیس

7 کاتژمێر پێش ئێستا

"تۆم باراک" باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە چەند چاوپێکەوتنێکدا کۆمەڵێک لێدوانی گرنگیدا. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "عربية sky news " کاتێک پرسیاری دەربارەی عێراق لێدەکەن، دەڵێت: " عێراق نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەو شتانەی پێویستە جارێکی دیکە دووبارەی نەکەینەوە....، بەهۆی مێژوی بیست ساڵ لە کارەسات و سێ ترلیۆن دۆلار و سەدان هەزار قوربانی..، هەروەها باسی لە نەگونجانی " شیعە و سوونە و کورد " و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی کرد.

ئەوەی شایانی باسە سەبارەت بە کورد ئاماژەیدا بە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد وەک ئەوەی لە سوریا کردیان بۆ "هسد"!، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی هەرێمێکی فیدراڵی باوەڕپێکراو و چەسپێندراوین لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ و ئەو نموونەیەی "تۆم باراک" باسی لێوە دەکات کە ئۆتۆنۆمییە و هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا کردیان بۆ "هسد"، ئێمە زۆر دەمێکە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە...

لە لایەکی ترەوە لە میانی کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "عربية Rudaw" سەبارەت بە لامەرکەزیەت لە سوریا، باسی لەوە کرد کە سیستەمی لامەرکەزی سەرکەوتوو نەبووە لە ناوچەکەدا، بە نموونە باسی لە ناوچەی بەڵقان کرد کە دابەشکرا بۆ حەوت دەوڵەتی جودا و لە ئێستادا لە دۆخێکی ناجێگیر و ئاژاوەدایە... هەروەها بۆ جارێکی دیکە باسی لە عێراق کرد کە دوای سێ ترلیۆن دۆلار و سەدان هەزار قوربانی دوچاری نا ئومێدی کردوون و لە ئێستادا بووەتە گرفتێکی گەورە.

دواتر باسی لە سیستەمی فرە پێکهاتەیی لوبنان کرد کە سەرکەوتوو نەبووە و ئاماژەیدا بە لیبیا کە بە هەمان شێوە سیستەمێکی شکست خواردووە... لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد کە نازانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە کام فۆڕمە دروستە بۆ سیستەمی حوکمڕانی، بەڵام پێویستە ئەم بابەتە لەلایەن خەڵک و هۆز و پێکهاتەی ئەو ناوچانەوە دیاری بکرێت. هەرچەندە "تۆم باراک" لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا دبلۆماسیانە پرسی فۆڕمی " سیستەمی حوکمڕانی " کردە مافی پێکهاتەکانی ناوچەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، بەڵام بە ڕوونی و ڕاشکاوانە لەسەرەتادا باسی لەوە کرد کە سیستەمی لامەرکەزی سیستەمێکی شکست خواردووە و پەشیمانن لە هەموو ئەو دەستتێوەردان و بڕیارانەی کە لە ڕابردوودا داویانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو وڵاتە مەرکەزییانەی کە باسی لێوەکردووە .... ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و ئێمەوە هەیە، پێویستە زۆر بە گرنگییەوە بڕوانینە وتەکانی "تۆم باراک" و خوێندنەوەی وردی بۆ بکەین، کاتێک دەڵێت سیستەمی لامەرکەزی شکست خواردووە و دۆخی عێراق جێگای نائومێدیە!، مانای وایە ئەگەر هەیە ئەوەی ئەوان بە شکست و هەڵەی دەزانن ڕاستی بکەنەوە، ئەگەر هەیە بۆ ڕەواندنەوەی نائومێدییەکانیان ئەمریکا سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو بکات... هەربۆیە لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە خۆدا چونەوە هەیە، پێویستمان بە لێکنزیکبوونەوە و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد هەیە، دامەزراوە دەستوری و یاسایی و سیاسییەکان چالاک بکرێن و خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP