دواین هەواڵ

عێراق‌

 17 کاتژمێر پێش ئێستا

راوێژکاری ئابووری سودانی: پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" لە قۆناغی گەڵاڵەکردندایە

هەرێم نیوز 

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق بەنیازە هاوشێوەی زۆرێک لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بچێتە نێو سیستمی نوێی پارەدانی دیجیتاڵییەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" لە قۆناغی گەڵاڵەکردندایە.

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی دەیگرنەبەر لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی سیستمی دراوی فەرمیی عێراق و بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی پارەدانە بۆ شێوازێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو.

روونیکردەوە: "دیناری دیجیتاڵی، دراوێکی هاوتەریب یان جێگرەوەی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بریتییە لە هەمان دیناری عێراقی کە بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی، واتە هەمان نرخ و تایبەتمەندیی دیناری کاخەزی هەیە و تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە مامەڵەکردن پێوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لەڕێگەی سیستمێکی پارێزراوەوە".

بە  وتەی موزهر محەممەد ساڵح، ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتین لە:

1. گواستنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە پارەی کاغەزەوە بۆ سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی. 

2. کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردنی دراو.

3. کەمکردنەوەی هەڵگرتنی پارە لە ماڵان.

4. بەهێزکردنی شەفافیەت و توانای چاودێریکردنی جووڵەی دارایی.

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چاکسازیی دارایی و جێبەجێکردنی بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانێکی تەکنیکی بەهێز، سیستمی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی تۆکمە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەرکردنی یاسای تایبەت هەیە بۆ رێکخستنی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP