دواین هەواڵ

هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە؛ گەمەیەک کەبەشێک لە میلیشیا شیعەکان دەستیان پێکردووە

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی روودەدات، چیتر جێگەی نکۆڵیکردن نییە؛ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دوو بەیاننامەی دیکەش بڵاوبکاتەوە، ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرۆسەی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکاندا زۆر جیدییە.

ئەمریکا متمانەی بە حکومەت و میلیشیاکان نەماوە، بەڵگەی ئەمەش ناردنی کۆڵۆنێڵ ستێڤانی باگڵی بۆ بەغدایە. ئەم ئەفسەرە ژنە ئەمریکییە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دانانی چەکەکان نێردراوە، چونکە ئەگەر ئەوە بەسەرکەوتوویی جێبەجێنەکرێت، هەنگاوی داهاتوو شەڕکردنە دژی بەشێک لەو گرووپانە.

لە کاتێکدا گرووپەکانی وەک عەسائیب ئەهلی حەق، ئەنساروڵا، و کەتائیبی ئیمام عەلی بڕیاریانداوە چەکەکانیان دابنێن، گرووپەکانی وەک نوجەبا و حیزبوڵڵای عێراق وادەردەکەوێت کە ئامادە نەبن لە بڕیارەکەیان  بۆ موقاوەمە پاشگەز ببنەوە.
بەڵام ئەمە تەنها تاکتیکە، ئەگەرنا خواستەکە موقاوەمە نییە بەقەد ئەوەی گۆڕینی قەیرانە بە دەستکەوت بۆ شیعە.
بەیاننامەکەی بزووتنەوەی نوجەبا بەسە بۆ ئەوەی لە پلانی پشت ئەم یارییە سیاسییە تێبگەین. شیعەی عێراق، کە دوای سەد ساڵ دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، نە هێندە بێئەقڵن کە خۆیان لە شەڕێکدا تێوەبگلێنن، نە لە بەرژەوەندیشیانە. پلانی ئەوان بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاترە، بە جۆرێک کە ئەم دۆخە بکەنە دەرفەتێک بۆ تەسفییەی حیساب و پاسیڤکردنی هەموو ڕکابەرەکانیان.

لەم چوارچێوەیەدا، یاریدەدەری سەربازیی نوجەبا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئامانج لە ڕەتکردنەوەی بڕیاری چەکداماڵین، ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە، جۆلانی، و هێزە داگیرکەرەکانە لە ناتۆوە بۆ تورکیا و ئەمریکا.

باسکردنی جۆلانی لەم بەیاننامەیەدا، مەبەست لێی ئاراستەکردنی پەیامێکە بۆ سوننەی عێراق. خواستەکە لێرەدا ئەوەیە بڵێن نابێت سوننەی عێراق بیر لە دروستکردنی دۆخێکی هاوشێوەی سووریا لە عێراقدا بکەنەوە. ئەگەرنا، ئەوان بە باشی ئاگادارن لە لاوازیی پێگەی سوننە لەناو هێزە چەکدارەکانی عێراقدا.

باسی ئەمریکا و ناتۆش  ڕوونە کە ئەم گرووپانە نە توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە و نە خواستی ئەوەشیان لە دڵدایە، چونکە وەک گوترا، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە واتای کۆتاییهاتنی حوکمی شیعەیە لە عێراق.

کەواتە پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی پێشمەرگە بەشێکە لەم بانگەشەیە؟

ڕاستییەکەی، دوو شت ڕێگرن لەبەردەم حوکمڕانیی ڕەهای شیعە لە عێراق و کۆنترۆڵکردنی هەموو بوارەکان:

یەکەم: دەستوورێک کە بە ئاراستەی دیموکراسی و فیدراڵییەتی تەوافوقیدا دەڕوات.

دووەم: بوونی هێزێکی پێشمەرگە کە هاوسەنگییەک لەم ململانێیەدا دروست دەکات.

بوونی پێشمەرگە بووەتە هۆی مانەوەی ئەوەی لە دەستووردا بڕیاری لەسەردراوە، نەک بە پێچەوانەوە. بە واتایەکی تر، ئەوان دەزانن ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەمێنێت، نە دەستوور دەمێنێت و نە هیچ ستاتۆیەکی دەستووریی دیکە.

بە کورتی، ئەوان دەیانەوێت بڵێن: “پێشمەرگە هەڵوەشێننەوە، با ئێمەش خۆمان هەڵوەشێنینەوە!” دەرەنجامی ئەم خواستە بریتییە لە عێراقێک کە هێزە چەکدارەکانی بە تەواوی شیعین و ڕێژەی کورد کەمترە لە یەک لە سەد. لەم حاڵەتەدا، ئەوەی هەڵوەشاوەتەوە هێزی شیعی نییە بەقەد ئەوەی هێزی کوردە!

رووبەڕووبوونەوەی ئەم خواستە، هەم پێویستی بە ئاشتی لەناو کوردستان هەیە، هەم پێویستی بە کارکردنی دیپلۆماسیانەی کاریگەر هەیە. هەموو ئەمە دەبێت هاوتا لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانی ریفۆرمی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بچنە پێش. ئەو پلانە ئەگەر سەرکەوتوانە بچێتە پێش بیانوو بۆ کۆتاییهێنان بە ێشمەرگە نامێنێت، خۆ ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت، دوورنییە هێزە هاوپەیمانەکانیش هاودەنگبکات لەگەڵ داواکارییەکەی نوجەبا!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP