دواین هەواڵ

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەو متمانەیەی هاوکێشەکان دەگۆڕێ

‌شەنگە ئەحمەد

22/01/2026

 پێشهاتی زۆر  لە ناوچەکە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا ھەیە، ئەوەی کە جێی دڵخۆشییە لە کۆی ڕووداوەکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ بەرژەوەندی کورد و ناوچەکە لەم گۆڕانکاریانەدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی هێزەکانی ناوچەکە هەیە و ڕۆڵی لە ئاراستەکردنی ئەم پێشهاتانەدا زۆر گرنگ و بەرچاوە بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە سووریا رووداوەکان ئاڵۆز بوون و دۆخێکی نالەبار بوونی هەبوو، دووکەڵی ئاگر لە حەلەب بە ئاسانی دەگەیشتە ناوچە کوردییەکان، ئەوەی نەیهێشت ئەم ئاگرە تەشەنە بکات، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوو لەیەککاتدا لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵ بوو، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، لەگەڵ ھەسەدا لەگەڵ ئەنەکەسە، لەگەڵ ئەمریکییەکان و فەڕەنسا بە سەرۆککۆمار ماکرۆنەوە بۆ ئەوەی تەجاوز لەسەر پێگەی کورد لە سووریا نەکرێت و ئەم شەڕەی بەرۆکی کورددی گرتووە بوەستێندرێت.

دیپلۆماسیەتی کاریگەر و چارەسەرکردنی قەیرانەکان  کارێکی نوێ نییە بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە هەموو کات لە خەمی کورد و کوردستان ئامادەیە، بەڵکوو تێروانینی وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانانی گۆڕی بۆ ئەوەی دیالۆگێکی کراوە لە هەولێر ئەنجام بدرێ و هەموو لایەنەکان تیایدا بەشدار بن. لێرەوە بڕیارێک بۆ چارەنووسی کوردان لە سووریا بدرێت. ئەم ھەوڵە وایکرد کە پێگەی کورد جارێکی تر لەسەر مێزی گفتوگۆ لە سووریای نوێ بە گرینگ وەربگیرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا کە ئیتر کورد لە سووریا تەواو بوو.
 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ تورکیا بەردەوام لەسەر هێڵە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت و کورد لە تورکیادا بە سەقامگیری و ئاسوودەییەوە بتوانن لەم پڕۆسەیەدا سوودمەند بن، بەم ھەوڵە دەتوانرێ ڕێگە بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە تورکیا بکرێتەوە و سەقامگیرییەکی زیاتر بۆ ناوچەکە دابین بکرێت.
سەبارەت بە عێراقی فیدڕاڵ، چاوەڕوان کراوە کە دوای ئەو پێشهاتانەی سووریا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەر لە نێوان هەولێر و بەغدا بگێڕێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق. بە هەمان شێوە بۆ دۆخی نێوخۆیی هەرێم، چاوەڕوان کراوە دەسپێشخەری بۆ هێزە سیاسەکان هەبێ بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم، 
ئەم هەوڵانە دەتوانن یەکڕیزی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر بکەن و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر بکەن. نێچیرڤان بارزانی هەوڵدەدات کە دەنگی هەموو لایەنەکان ببیستێت و چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو کێشەکان بدۆزێتەوە.
 نێچیرڤان بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پەیوەندیەکانی بە ولاتە گەورەکان و لایەنە کاریگەرەکانی ناوچەکە بەهێز کردووە، ئەم دیپلۆماسیەتە وای لێکردووە کە هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی سەقامگیرکەر و جێگای متمانە لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.
بە گشتی، ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەدا نیشانی دەدات کە دیپلۆماسیەتی لێزانانە و هەڵسەنگاندنی ورد چۆن دەتوانن بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد بپارێزن و لە هەمان کاتدا بۆ سەقامگیری و ئاسوودەیی لە ناوچەکەدا بەشداری بکەن.
لە کۆتاییدا، لە سەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزی و گۆڕانکاریدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی بە لێهاتویی و بە دیپلۆماسیەتێکی کاریگەر، ڕۆڵێکی بەھێزی بۆ سەقامگیکی کورد ھەبێت، نەوەک تەنیا لە ھەرێم، بەڵکوو لە ناوچەکەدا ئەم ڕۆڵە بەرچاوەو، ئەمەش بۆ داھاتووی کورد ھەنگاوێکی دڵخۆشکەرە کە ھەمیشە لەھەموو گۆڕانکاری و پێشھاتەکاندا نێچیرڤان بارزانی ھەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP