سیاسەت عەشق نییە بۆ ئەوەی باسی خیانەت و بێ وەفایی بکەی بەڵکو سیاسەت هێز و بەرژەوەندی یە گەر لێی نازانی سیاسەت مەکە عەشق بکە!
گڵەییکردن لە ئەمریکا نیشانەی بێ هێزییە!
ئەمریکا و ئەوروپا باشتر لەهەموو کەس دەزانن کە ئەحمەد شەرع هەر تیرۆریستی دوێنێ یە، بەڵام تیرۆرسیتی دوێنێ ئەمڕۆ زیاتر لە دوستی دوێنێ لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە، بۆیە ئەمریکا پشت دەکاتە دوستی دوێنێ و ئەمڕۆ دەبێتە دوستی تیرۆرسیت و دەگاتە قارەمانی گۆڕەپانی سووریا و ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆی بەڵام ئەوەش بزانن ئەمە تا سەر نابێت مەگەر کورد خۆی بێ هێزبێت و شەڕ نەکات!
ئەمریکا سیاسەتی ڕۆژ دەکات!
کاتی شەڕی داعش کە هەزاران کارەکتەر هەبوون لە سووریا، ئەمریکا لەنێو ئەو هەموو کارەکتەرانە هاوپەیمانی کورد بوو چەک و پارە و هەرچی شتی پێویستە پێیدا، چونکە ئەوکاتە کورد(هەسەدە) هەم خۆی سەلماند، کە دەتوانێت زیاتر لە هەموو کارەکتەرانی دیکە شەڕ دژی تیرۆر بکات، هەم توانی خاکی زۆر لەدەستی تیرۆر دەربهێنێت و پاسەوانی لێ بکات، کە ئەوکات نەهیچ کارەکتەرێک وەکو هەسەدە بوو بۆ ئەمریکا کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، نە ئەمریکا لە هەسەدەی باشتر دەست دەکەوت لەشەڕی تیرۆر دا. بەڵام ئێستا جیاوازوە ئەحمەد شەڕع دەوڵەتی بەدەستە و دەتوانێت زۆر زیاتر لە هەسەدە بە ئەمریکا بدات، بۆیە ئەمریکا بە ئاسانی سیاسەتی خۆی گۆڕی پشتی لەکورد کرد و چوو لای ئەحمەد شەرع.
بۆ ئەمریکا جیاوازی نییە!
بۆ ئەمریکا جیاوازی نییە کێ دەسەڵاتداربێت لە ناوچەکە تورک یان فارس یان عەرەب یان کورد، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئەمریکا بەرژەوەندی ئەمریکایە نەک شتی دیکە. ئەوجا کورد لە جیاتی گڵەیی بکات و باسی بێ وەفایی دوستەکانی بکات دەبێت ئەوە نیشانبدات کە ئەوان لە تورک و عەرەب و فارس شایستەترە کە دووستی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتداربێت لەو ناوچەنەی کورد لێ دابەشبوون.
هێز هاوکێشە و نەخشەی پێش وەختە دەگۆڕێت!
من نە شارەزایی جوگرافیام و نە شارەزایی سەربازیم بۆ ئەوەی بڵێم هەسەدە کوێ بگرێت و لەکوێ بێت باشە بۆ کورد و ڕۆژئاوا، بەڵام وەکو سیاسیەک ئەوە دەزانم هەسەدە هەر چەند خاکی زیاتری بەدەست بێت ڕێککەوتنەکان زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو دەبن پێچەوانەش هەرچەند زیاتر پاشەکشە بکات زیاتر پەراوێز دەخرێت و تا لە کۆتایی دا ڕۆژئاوا بێ ماف دەکرێت، بۆیە گرنگە، هەسەدە شەڕی یەکلاییکەروە بکات زیاتر پاشەکشە نەکات بەڵکو بۆ پێشەوە بچێت گوێ بەڕێککەوتنی دیمەشق نەدات ئەو هاوکێشە و ڕێککەوتننای پێش وەختە هەڵبوەشێنێتەوە کە زڵهێزانی جیهانی و هەرێمی لەسەر ڕێککەوتوون.
هەمیشە لە شەڕ دا ڕێککەوتنی پێش وەختە دەکرێت بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە نەخشەی دوای شەڕ چۆن بێت بەڵام مەرج نییە هەمان نەخشەی پێش وەختە بێت چونکە هێز دەتوانێت ئەو نەخشەیە بگۆڕێت. بۆیە گەر هەسەدە بتوانێت چەند شاری لەدەست چوو بگەڕێنێتەوە بە هێزی شەڕ و گورزی کوشندە بوەشێنێت، نەخشەی سوریا بە تەواوی دەگۆڕێت، چونکە ئەمریکا و ئەوروپا کاتی بە ئەحمەد شەرع داوە ناهێلێن جارێکی دیکە شەڕی چەند ساڵە دروست ببێتەوە، گەر هەسەدە خۆی بسەلمێنێت وەکو چۆن لە شەڕی داعش خۆی سەلماندووە دلنیام هاوکێشە و نەخشەی دوای شەڕ لە بەرژەوەندی کورد دەبێت نەک بە دڵی ئەحمەد شەرع و نەیارانی کورد دەبێت.
دەرئەنجام!
بەکورتی، گەر هەسەدە بتوانێت چەند شارێکی لەدەستچوو بەدەستبهێنێتەوە بە شەڕ دوای هەموو شتێک لە سووریا بەدڵی کورد دەبێت ڕۆژئاوا لە ئیدارە بەرەوە هەرێمێکی سەربەخۆ و زیاتر دەڕوات بەڵام گەر هەر بەم شێوەیە شار لە دوای شار لە دەست بدات هەرچاوەڕێی ڕێککەوتنی دیمەشق بکات نەک ئیدارەی خۆسەریش نامێنێت کورد وەکو نەتەوە هیچ مافێکیش بەدەست ناهێنێت بەڵکو تەنها وەکو هاوڵاتی دەمێنێتەوە، ئەویش هاوڵاتی دەرەجە دوو و سێ و هەمیشەش مەترسی لەناوچوونی لەسەر دەبێت.
#HogirNerwayi