دواین هەواڵ

ڕێگای سەرۆک ڕوونە، بۆ نایگرینە بەر؟!

‌ئاریان فەرەج

10 کاتژمێر پێش ئێستا


ئاریان فەرەج

له‌ کاتێکدا شانی کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەژێر باری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیدا تادێ زیاتر دەچەمێتەوە، پەرلەمان و حکوومەتمان لە دۆخێکی نالەباردان، کاودانی ناوچەکەش تادێ هەستیار و ئاڵۆزتر دەبێت و هێشتاش ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کرانەوەی گرێکوێرەی ململانێی ئەو دوو لایەنە بەدی ناکرێت؛ لەم ئان و ساتەدا، سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و وتارەکەی لە ئەکادیمیای سەربازیی قەڵاچوالان کە دەستکرد و یادگاری زیندووی مام جەلالی ڕەحمەتییە، وەک هەر کردار و گفتارێکی سەرۆک، تروسکەیەک لە ئومێد و گەشبینی بەخشیوە. ئەم سەردانە و ئەم وتارە تەنیا ئامادەبوونێکی نەریتی نەبوو، بەڵکو دووبارە بەرزبوونەوەی دەنگی تکای پێکهاتن و تەباییخوازی بوو لە چرکەساتی چەقپەستووییەکی کوشندەدا؛ دەنگێک کە لەسەر بنەمای سازان، پاراستنی قەوارەی هەرێم و پێشخستنی لۆژیکی دەوڵەتداری بەسەر عەقڵییەتی حزبیدا  زوڵاڵ و داڕێژراوە.

سەرۆک ئەم سەکۆ سەربازییەی قۆستەوە بۆ ئەوەی لەوپەڕی نائومێدیی کایەی سیاسیدا، دووبارە تاکە نەخشەڕێگا و تاکە دەرەتانی مانەوە و بردنەوە بخاتەوە بەردەم هێزە ناکۆکەکان. هەر ئامادەبوونی سەرۆک لەم هەلومەرجەدا لە شاری سلێمانی، هەنگاوێکی خۆی لە خۆیدا مانابەخش بوو بۆ کاڵکردنەوەی ڕەنگی ڕەشی ئەو گەمارۆ و دیوارە دەروونی و سیاسییەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە نێوان لایەنەکاندا بەرزتر هەڵدەچنریت و بەرژەوەندیی کورد و قەوارەی هەرێمیش ڕووبەڕووی دۆڕان و لێکترازان دەکاتەوە.

جەوهەری وتارەکەی سەرۆک، سەدبارە پێداگرتنەوە بوو لەسەر گۆڕینی لۆژیکی "هێزی حزبی" بۆ "سیستەمی نیشتمانی"؛ لە ڕێگەی یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی لە ململانێی حزبەکان و خێراکردنی چاکسازیی سەربازی وەک زەرورەتێکی نیشتمانی و وەڵامێکی عەقڵانی بۆ ویستی گەل و فشار و تکای دۆستان و هاوپەیمانان. ئەم وتارە، سەدبارەکردنەوەی ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستە بوو کە "پێکەوەیی و کۆدەنگی" تاکە ستراتیژیی ڕێگای ڕزگارییە و ترازانیش لەو ڕێگەیە، کوێرەڕێ و خۆکوژیی دەستەجەمعییە؛ چونکە هەر بەو ڕێگەیەدایە کە دەگەینە:

 * پێگەیەکی ڕێزلێگیراو و پشتیوانیکراوی دۆزی کورد لە جیهاندا؛ کە پێچەوانەکەی، پشت تێکردن و دەستلێبەردانە.

 * دەنگێکی زوڵاڵ، کاریگەر و گوێلێگیراو لە بەغدا؛ کە پێچەوانەکەی، کزی، بێ ئەرزشیی سیاسی و بێ دەستکەوتییە.

 * بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی میللی لە ناوخۆدا و ئاسوودەیی گەل؛ کە دەبێت ئامانجی هەر سیاسەتکارێکی پەرۆش بێت.

خولاسە: ڕێگەچارەی سەرۆک ڕۆشنە، ڕاستەڕێی خێر و قازانجی خۆمان و گەلەکەمان دیارە، ڕۆشنیشە میللەتەکەمان چی لێمان دەوێ، ئەدی بۆ نایگرینە بەر؟!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP