باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا (Founding Fathers) لە (4)ی تەموزی ساڵی (1776) زایینی، سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان رەتکردەوە و ئامادە نەبوون هیچی تر لە ژێر دەستەڵاتی بەڕیتانیادا بمێننەوە، بەڵکو کۆمارێکی دەستووری فێدراڵییان دامەزراند، ئەوەش دوای ئەوە هات کەوا لە ساڵی (1774) پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاریدا وەرگرتنی (باج و سەرانە) لەسەر خەڵکی ئەمریکا زیاد بکات و بەهۆیەوە کاردانەوەی توندی ئەمریکییەکانی لێکەوتەوە، چونکە ئەمریکییەکان هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی بەریتانیادا نەبوو، بۆیە پێیان وابوو بڕیارەکانی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئەمریکا جێبەجێ ناکرێن.
دوو ساڵ دواتر و لە رۆژی (4)ی تەموزی ساڵی (1776) زایینی (56) سەرکردە و کەسایەتیی ناسراوی ئەمریکا بە نوێنەرایەتیی (13) ویلایەت جاڕنامەیەکیان بە ناوی جاڕنامەی سەربەخۆیی Declaration of) Independence) بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند:
“لەمەودوا خەڵکی ئەمەریکا سەربەخۆن و چیتر لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا نامێنێتەوە”.
لەو کاتەوە تاکو ئێستا، ئەمریکییەکان هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی (4)ی تەمووزدا جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەگێڕن و یادی رزگاربوونیان لەژێر داگیرکاریی بەریتانیا دەکەنەوە.
کیشوەری ئەمریکا لە ساڵی (1492) لەلایەن (کریستۆڤەر کۆڵۆمبس)ی گەریدەی ئەوروپی دۆزرایەوە و بەریتانیاش لە ساڵی (1585)ەوە دەستی بە داگیرکردنی ئەو کیشوەرە کرد.
خەڵکی ئەمەریکا لە ماوەی (250) ساڵی سەربەخۆییاندا، (47) سەرۆکیان هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک له پارتی کۆماری بوون، (16) سەرۆکیش له دیموکرات، (11) سەرۆکیش بێلایەن بوون، واتە پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).
ئەمەریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا لەم (13) ولایەتە پێکھاتبوو:
(پێنسلڤانیا، نیویورک، نیوجێرسی، ڤیرجینیا، ماساچوست، میریالند، ڕودئایالند، کنتکت، کاڕۆلینای باکور، کاڕۆلینای باشور،دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا) بەڵام ئێستا ئەمەریکا لە (50) ولایەت پێک هاتووە و هەر ولایەتێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەمووشیان خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیانن (یاسا دانان و جێبەجێکردن و دادوەری) ئەویش لە ژێر چەتری دەستوری فیدڕاڵی ئەمەریکادا.
باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژۆ کرد و بەشداریان کرد لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکا و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە، بە گوێرەی مێژوونوس (ریچارد ب. مۆریس) ئەم (7) سەرکردەیەی خوارەوە وەک باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون:
(جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فڕانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جێمس مادیسۆن).
دەقی راگەیاندنی سەربەخۆیی (Declaration of Independence) لە لایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، راگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ رەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بەهێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆخوازانی ئەمەریکا بوویەوە، دوای شەڕێکی (8) ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی (1783) لە رێكکەوتننامەی (پاریس) دان بە سەربەخۆیی ئەمەریکادا بنێت.
بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانی ستراتیژی ئەمریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پێودانگی دانانی پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، هەمیشە بە گوێرەی دوو پێودانگ پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا دادەڕێژرێن، ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: پێودانگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەمەریکا.
دووەم: پێودانگی پاراستنی بەرژەوەندیە ماددی و مەعنەویەکانی ئەمەریکا.
کەواتە هەمیشە داڕشتنی (سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی ئەمەریکا) بەندە بە پێودانگی پاراستنی ئاسایش و بەرژوەندیە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی ئەمەریکا.
لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکادا بۆ ئێمە گرنگە هەڵوەستەیەک بکەین و پرسیار بکەین:
ئایا ئهمهریكا چۆن بۆتە زلهێزترین وڵاتی دونیا و سوپهر پاوهری جیهان؟
پێموایە کۆمەڵێک فاکتەر لە پشت سەرکەوتنی ئهمهریكا دان، لە هەموو سێکتەرەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژی و AI و هونەری و ....هتد)، بەڵام سەرەکیترین فاکتەر، بوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی (237) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.
رەشنووسی دەستوری ئهمهریكا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە ویلایەت نووسرایەوە (ئەوکات ئهمهریكا تەنها 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، لە ساڵی (1788) راپرسی لەسەرکرا، ئینجا لە ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستووری ئهمهریكا لە (7) ماددە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.
ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدڕاڵ.
ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.
ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)
ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئهمهریكا بریتیە لە هەبوونی (Flexibility) واتە نەرمی و گونجان لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، لەم چوارچێوەیەدا ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویستی سەردەمەکان، بۆیە دەستووری ئهمهریكا تاکو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.
خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئهمهریكا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستوور هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئهمهریكا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئهمهریكا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە رێگهی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە:
(The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)
لە ئهمهریكادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستوورە، یاسا لەسەرووی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی ئهمهریكاش بێت، وەک لە خولی یەکەمی (ترەمپ)دا بینیمان کەوا چۆن کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو جار پڕۆسەی لێپرسینەوەی (Impeachment)ی بەرامبەر (ترەمپ) ئەنجامدا.
کەواتە دەستووری ئهمهریكا بەردی بناغەی دروستبوونی وڵاتێکی زلهێز و هاوچەرخ و مۆدێرن و خاوەن دام و دەزگای بەهێز و چالاکە، ئەمانەش شارستانیەتێکی نوێی بەناوی (شارستانیەتی ئهمهریكا) بەرهەمهێناوە، کە لە ژێر سایەیدا دەستور و یاسا و ڕێساکان سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتیاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئیتنیکی...هتد.
لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی (خەڵکی کوردستان) هەوڵبدەین سوود لە ئەزموونی نوسینەوەی دەستووری ئهمهریكا وەربگرین، لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمهریکا توانیبێتیان زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟