دواین هەواڵ

بێدەوڵەتی كەڵە داهێنەرەكانیشت لێ دەبات

‌کارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

بێدەوڵەتی كەڵە داهێنەرەكانیشت لێ دەبات

باشترین رۆماننوسی تورك، كە بەڕەگەز كوردە یەشار كەمالە، بەڵام بەهۆی بێدەوڵەتی خزمەتی ئەدەبی توركی كردووە.

باشترین شاعیری تورك، كە بەڕەگەز كوردە، جەمال سورەیایە، بەڵام بەهۆی بێدەوڵەتی خزمەتی شیعری توركی كردووە.

باشترین دەرهێنەری تورك، یڵماز گونایە، كە بەڕەگەز كوردە، بەهۆی بێدەوڵەتی خزمەتی سینەمای توركی كردووە.

باشترین گۆرانیبێژی تورك، ئەحمەد كایایە، كە بەڕەگەز كوردە، بەهۆی بێدەوڵەتی خزمەتی گۆرانی و موزیكی توركی كردووە.

باشترین ئەكتەری ئافرەتی تورك توركان شورایە، كە بەڕەگەز كوردە، بەهۆی بێدەوڵەتی خزمەتی فیلم و درامای توركی كردووە.

سەدان سیاسی تورك هەیە، كە بەڕەگەز كوردن، بەڵام خزمەتی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای توركیان كردووە، یەكێك لەوانە عیسمەت ئینۆنووە، هەموو سیاسییەكان ئەو شایەدییە دەدەن، موستەفا كەمال ئەتاتورك بەبێ ئینۆنوو نەیدەتوانی كۆماریی توركیا دروست بكات.

باشترین ئەكتەری كۆمیدی لە رابردوو كەمال سونەل (شەعبان) بووە، كە بەڕەگەز كوردە و خزمەتی كۆمیدیای توركی كردووە، لە ئێستاشدا جەم یڵمازە و كوردە و خزمەتێكی گەورەی كۆمیدیای توركی كردووە.

ئەگەر بمەوێت باس لە كوردبوونی كەسایەتییە گرنگەكانی توركیا بكەم، كتێبێكم پێویستە، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی تۆ وەكوو كوردێك، دەمەوێت ئەو پەیامەت پێبگەیەنم، بێدەوڵەتی چۆن هەموو تواناكانت بەناوی نەتەوەیەكی ترەوە دەكات.

ئەرشیڤت لەناو دەبات و بەناوی خۆیەوە دەكات، بۆ نموونە ئەتاتورك لە ١٩٣٠ یەكێك لە كارە هەرە قێزەونەكانی ئەوەبوو، دەمەزراوەیەكی ئەرشیڤی دانا و هەرچی گۆرانی و مووزیكی فۆلكلۆری كوردی هەبوو بەناوی نەتەوەی توركی كرد.

ئاخر ئیسماعیل بێشكچی ناحەقی نییە دەڵێت ”ئەگەر دەوڵەتت نەبوو، گۆڕستانیشت نابێت“

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP