دواین هەواڵ

ئەو پیاوە شایەنی خەڵاتی نۆبڵە

‌عەتا شەمێرانی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

 

مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕ، هەرچەندە درێژە بکێشێت، ناتوانێت ئاسایشی هەمیشەیی بۆ گەلان دابین بکات، و هێزیش، هەرچەندە زۆر بێت، بە تەنها ناتوانێت داهاتوویەکی ئارام و جێگیر دروست بکات .زۆرجار وڵاتان ڕەنگە لە مەیدانی شەڕدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوەیە ڕێگری لەشەڕ بکرێت پێش ئەوەی دەستپێبکات و مرۆڤ لە باجی ملمڵانێیەکانی سیاسەت بپارێزرێت!!

کوردستان دوورگەیەکی دابڕاو نییە لە دەوروبەری خۆی، بەڵکو لە ناو جوگرافیایەکدا هەڵکەوتووە کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتان تێیدا یەک دەگرنەوە و هێزە سیاسییەکانیش لەگەڵ یەکتردا کێبڕکێ دەکەن. بۆیە پاراستنی سەقامگیری، تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا و داهاتووی نەوەکانی داهاتوو.

ئەمریکا و ئێران، پێویستیان بە کەناڵی گفتوگۆ هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵچوونی گرژییەکان و کردنەوەی دەرگای تێگەیشتن، شەڕی ئەو دوو وڵاتە، کاریگەرییەکانی تەنها لە سنووری ئەو دوو وڵاتەدا نامێننەوە، بەڵکو عێراق و کوردستان و کەنداوی عەرەبی و تەواوی ناوچەکە دەگرنەوە!!

لە سووریاشدا، گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی جێگیرتر. بەڵام ئاشتیی ڕاستەقینە تەنها بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بەدی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە دڵنیایی ڕاستەقینە بۆ مافەکانی کورد، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتوورییان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە هەیە. یەکێتییەک کە لەسەر زۆرەملێ بنیات بنرێت، سەقامگیری دروست ناکات، و داننان بە مافەکانی یەکتر بنەمای دەوڵەتێکی هاوبەشە کە هەموو پێکهاتەکانی خۆی لەخۆ بگرێت!

لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و پەکەکەشدا، کۆتاییهێنان بە چەندین دەیە شەڕ پێویستی بە ویستێکی سیاسی هەیە کە لە سنووری هەژموونی ئەمنییەتی تێپەڕێت و ڕێگا بۆ چارەسەرێک بکاتەوە کە ژیان و کەرامەت و مافەکان بپارێزێت. لە نێوان هەولێر و بەغداشدا، هاوبەشیی دەستووری و ڕێزگرتن لە ماف و دەسەڵاتەکان بنەمای تێپەڕاندنی قەیرانە دووبارەبووەکانن!!

ئەم کێشانە لە هۆکار و بارودۆخیاندا یەکسان نین، بەڵام لە خاڵێکی بنەڕەتیدا یەک دەگرنەوە: گفتوگۆی جدی دەرگایەک دەکاتەوە کە هێز بە تەنها ناتوانێت بیکاتەوە. ناوبژیوانییش تەنها کاتێک بەهای مێژوویی دەبێت کە بگۆڕدرێت بۆ ئەنجامی دیار و بەردەوام!

لەهێورکردنەوەی ئەو هەمووە ململانێ و ناکۆکییەدا، سیاسەتمەدارێکی کورد وەک ناوبژیوانێکی خاوەن پێگە هاتۆتە پێشەوە .. نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ،سەرۆکی هەرێمی کوردستان! 

بۆچی نۆبڵی ئاشتی بەو پیاوە بدرێت؟! 

چونکە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە واتای قووڵی خۆیدا دەبێت ڕێزگرتن بێت لەو هەوڵانەی کە شەڕ ڕادەگرن، ناکۆکییەکان بە چارەسەری سیاسی کۆتایی پێ دەهێنن و هیوای پێکەوەژیان بەهێز دەکەن. بانگەواز بۆ خستنەڕووی ناوی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم خەڵاتە، دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئەنجامە پشتڕاستکراوەکان بێت، نەک تەنها بە وتار. چونکە ئاشتی ناونیشانێک نییە کە تەنها بدرێت؛ ئاشتی بەرپرسیاریەتێکە کە بە کاریگەریی خۆی لە ژیانی مرۆڤدا خۆی دەسەلمێنێت!!

کوردستان، کە ئەنفال و ئاوارەیی و سەرکوتی بینیوە، باش دەزانێت ئاشتی واتای لەبیرکردنی برینەکان نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەیان. گەلێک کە تاوان و ئازاری شەڕی چەشتووە، دەزانێت گەوورەترین سەرکەوتن لە سوکایەتی پێکردنی بەرامبەردا نییە، بەڵکو لە گەیشتن بە داهاتوویەکدایە کە دایک و باوکان ناچار نەبن بەهۆی ملمڵانێی سیاسەتەوە چاویان لە ڕێگای گەڕانەوەی منداڵەکانیان بێت!

کۆتری ئاشتی چەکی پێ نییە، بەڵام پەیامێکی هەیە کە لە زۆر چەک بەهێزترە: مرۆڤ شایستەی ژیانە، جیاوازی هۆکارێک نییە بۆ دوورخستنەوە و لەناوبردن، و مافەکان نابێت ببنە نرخێک کە گەلێک لە بەرامبەر ئاشتی‌دا بیاندات!

با دیپلۆماسی دەرفەتی ئەوەی هەبێت بسەلمێنێت کە دەتوانێت ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت. سەرکردە تەنها بەوە ناپێورێت چەند دەسەڵات و پێگەی هەیە، بەڵکو بەوەش دەپێورێت چەند کارەساتێکی لە ڕوودان ڕاگرتووە، چەند دەرگایەکی داخراوی کردووەتەوە و چەند هیوایەکی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ هێشتووە!

جیهان پێویستی بەو هەوڵانەیە کە گەلان لە ترسەوە بەرەو ئارامی، لە دوژمنایەتییەوە بەرەو تێگەیشتن و لە بیرەوەریی شەڕەوە بەرەو ئاشتی دەگوازنەوە!

لەوانەیە جوانترین دیاریی کوردستان بۆ جیهان ئەوە بێت کە سەرەڕای هەموو برینە مێژووییەکانی، ببێتە شوێنێک بۆ نزیککردنەوەی ویستە ناکۆکەکان و گەڕان بەدوای داهاتوویەکی هاوبەشدا.

ئەگەر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بتوانێت لە نێوان دوژمناندا پرد دروست بکات، ئەگەر بتوانێت لە نێوان گەلاندا متمانە بونیاد بنێت و ئاشتی لە وشەوە بگۆڕێت بۆ ئەزموونێکی واقعی، ئەوا خەڵاتی نۆبڵ تەنها ڕێزلێنانێک نییە لە کەسایەتییەکی سیاسی؛ بەڵکو ڕێزلێنانە لەو بیرۆکەیەی کە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی!
چونکە گەورەترین سەرکردە ئەوە نییە کە بتوانێت دوژمنەکانی تێک بشکێنێت؛ بەڵکو ئەوەیە بتوانێت ڕۆژێک بگاتە ئەو خاڵەی کە هیچ کەسێک پێویستی بە دوژمنایەتی نەبێت!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP