دواین هەواڵ

هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر پرسی كورد چەندین هەنگاو دەباتە پێشەوە

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

نزیكبوونەوەی بارزانی و ئەردۆغان هەمیشە لە بەرژەوەندی كورد و بەهێزی پێگەی كورد بووە

هاتنی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ عێڕاق، بووەتە بابەتێكی گرنگی میدیاكانی توركیا و عێراق و جیهان، چونكە ١٢ ساڵە سەردانی عێڕاقی نەكردووە و چەندین دۆسییەی گرنگ هەن، پێویست دەكات قسەیان لەسەر بكرێت و رێككەوتنی لەبارەوە بكرێت. هەروەها هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر، ئەویش باسێكی ترە و قسەی جیدی هەڵدەگرێت.

تاوەكوو ئێستا بە فەرمی كاتی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ عێڕاق دیاری نەكراوە، بەڵام بەر لە كۆتایی ئەم مانگە دەگاتە بەغدا و وەكوو ئەوەی ئەردۆغان بۆ خۆی باسی كرد، سەردانی هەولێریش دەكات.
ئەو دۆسییە گرنگانەی بڕیارە ئەردۆغان لەو سەردانەیدا باسی بكات، زۆر گرنگ و جیدین، بەتایبەت بابەتی ئاو و دۆسییەی ئەمنی و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بە رێگەی بۆڕی جەیهان بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهانیی. بۆ بابەتی چارەسەری پرسی كورد و هێنانە دی ئاشتی، هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر زۆر مانا هەڵدەگرێت.

بەر لە ئەردۆغان فیدان و كاڵن هاتنە بەغدا و هەولێر

توركیا زۆر داكۆكی دەكات، كە رێگەی بدرێت لەناو خاكی عێڕاق و هەرێمی كوردستان رووبەڕووی پەكەكە ببێتەوە، بۆیە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. هەروەها لە مانگی یەكی ئەمساڵدا، ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا، سەردانی بەغدای كرد و باسیان لە چۆنییەتی پاراستنی سنوورەكانی نێوانیان كرد، بەڵام هیچ رێككەوتنێك ئیمزا نەكرا بۆ لێدانی پەكەكە.
وەكوو ئەوەی ماڵپەڕی (خەبەرلەر)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان لەو سەردانەیدا، باس لە پرسی ئەمنی هەردوو وڵات دەكات، هەروەها داوا لە عیڕاق دەكات، هاوكاری توركیا بكەن، بۆ وەدەرنانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و سنووری عێڕاق.

ئەردۆغان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، پلانیان داناوە ئەم هاوینە بابەتی پاراستنی سنوورەكان لەگەڵ عێڕاقدا كۆتایی پێبهێنین و بگەنە چارەسەر، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، تاوەكوو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان توركیا و عێڕاق و هەرێمی كوردستان نەكراوە، بۆ چۆنییەتی پاراستنی ئەمنییەتی سنوور.

لە ٢٠١٢ هاتە بەغدا و هەولێر و لە ٢٠١٣ بارزانی داوەتی ئامەد كرد

ئەردۆغان، لە ٢٠١٢ هاتە بەغدا و چەندین كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا، پاشان هاتە هەولێر و لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە پێشوازی لێكرا و ئەردۆغان، بە گرنگییەوە باسی لەو سەردانەی كرد بۆ هەولێر و گوتی، هەولێر و بارزانی دۆستی ئێمەن.

لەو سەردەمەدا، ئەردۆغان لە توركیا پرسی چارەسەر هێنابووە بەرباس، لەو پرسەدا چەندین كەسایەتی گرنگی وەكوو رۆشنبیر و هونەرمەند و سیاسی و سەركردەی هێنابووە ناو پرسەكەوە تا بتوانن پرسی كورد بە یەكجاری چارەسەر بكەن.

بۆیە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد، رۆڵی هەبێت لەو پرسەدا و لە ٢٠١٣ بە فەرمی بارزانی داوەتی ئامەد كرد و پێشوازییەكی گەورەی لێكرا، كە پێشوازییەكە لە ئاستی ئەو پێشوازییەدا بوو، كە سەركردەی وڵاتێكی گەورە هاتبێتە توركیا، بۆیە نەژادپەرستەكانی تورك، زۆر بەو سەردانە قەڵس بوون و هێرشی توندیان كردە سەر ئەردۆغان.

دۆغۆ پەرەنچیك، سەرۆكی پارتی وەتەن لە توركیا، ئەوكات بە توندی دژی ئەردۆغان قسەی كرد و گوتی، پێشمەرگەیەكی داوەتی توركیا كردووە و هەر ئەو پێشمەرگەیەش دەوڵەتی كوردی رادەگەیەنێت و دەبێتە سەرئێشە بۆ توركیا.

بەڵام ئەردۆغان، لە رۆڵی بارزانی دڵنیا بوو بۆ هێنانەدی ئاشتی لە توركیا، بۆیە لە میتنگە گەورەكەی ئامەد، بارزانی و ئەردۆغان، دوپاتیان كردەوە، دەبێت پرسی كورد لە توركیا بەئاشتیانە چارەسەر بكرێت، هەربۆیە لەرێگەی گەورە هونەرمەندی كورد شڤان پەروەر و ئیبراهیم تاتڵیساسەوە، گۆرانیی ”مەگری مەگریی دایێ مەگری“ گوترا، بەومانایەی ئیدی با جەرگی دایكانی ئەم وڵاتە نەسوتێت و فرمێسك لە چاوانیان نەیتە خوارەوە.

ئەردۆغان، لە رێگەی چەند كەناڵێكەوە دەیەوێت پرسی چارەسەری لە توركیا زیندوو بكاتەوە، بەڵام بەشێوازێكی تر و وەكوو ٢٠١٣ نا، بۆیە زۆر پێویستی بە سەركردەی دیار و ئاشتیخوازی ناوچەكە هەیە، دیارترینیان سەرۆك بارزانییە.
ئەردۆغان، دەزانێت چەندە لە كورد نزیك ببێتەوە بۆ چارەسەركردنی پرسەكەیان، ئەوەندە شانسی مانەوەی وەكوو سەرۆكی توركیا زیاترە، دەشزانێت سەرۆك بارزانی دەتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت لە چارەسەركردنی پرسی كورد بەرێگەی ئاشتیانە، بۆیە سەردانەكەی بۆ هەولێر پڕ مانا و گرنگ دەبێت و ئەو نیگەرانییەی نێوانیشیان دەڕەوێننەوە، كە لە سەردەمی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دروست بوو.

ئەردۆغان، تاوەكوو ئێستا بۆچوونی لەسەر ئەو تێزە نەگۆڕاوە، كە سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكتەرێكی گرنگ و گەورەی ناوچەكەن، بۆیە هەنگاونان بۆ پرسی چارەسەری و هێنانە دی ئاشتی و پاراستنی ئەمنییەتی سنوور و زۆر تەوەری تر، بەبێ هەرێمی كوردستان و بارزانی ناگاتە ئەنجام، بۆیە بەردەوام وەكوو دۆستێكی گرنگ باسی لە هەرێمی كوردستان و بارزانی كردووە.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، نزیكبوونەوەی بارزانی و ئەردۆغان، هەمیشە لە بەرژەوەندی كورد و بەهێزیی پێگەی كورد بووە، بۆ نموونە ئەوكاتانەی ئەو دوو سەرۆكە لە یەكتریی نزیك بوون، ئاڵای كوردستان لە كۆشكی چانكایە و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورك دەگەشایەوە و لە پاڵ ئاڵای توركیا دادەنرا و هەروەها ئەردۆغان، بە ئاشكرا ناوی كوردستانی دەهێنا و دەیگوت، لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا ولایەتی كوردستان هەبووە، بۆیە هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بینینەوەی بارزانی، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی چارەسەری پرسی كورد و بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا.

ئەگەر بتەوێت لە جەنگێكدا سەركەوتوو بیت، چەندە فەرماندەیەكی ئازا و بوێر و زیرەك گرنگە لە مەیداندا، بۆ هێنانە دی پرسی ئاشتیش، سەركردەیەكت پێویستە بتوانێت پڕۆسەی ئاشتی ئیدارە بدات و سەركەوتوو بێت تێیدا، بۆیە ئەردۆغان، پێیوایە بارزانی ئەو سەركردەیەیە دەتوانێت رێبەرایەتی پڕۆسەی ئاشتی بكات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP