نەوتی کوردستان لە ئەمریکا!
چۆن ئەمریکا خەریکە دەستی ئێران لە نەوتی کوردستان دەبڕێت؟
هێرشەکەی کۆرمۆر، تەنها سەرەتای شەڕێکی درێژە لەنێوان ئێران و ئەمریکا کە لەنێوەڕۆکدا شەڕە لەسەر کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان.
ئەو هێرشە، تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات کە یەکەم کەشتی نەوتی کوردستان گەیشتە بەندەری لویزیانا لە ئەمریکا! رووداوێک، کە کەس ئاماژەی پێنەدا.
ناتوانین بڵێین هێرشەکە دەرنجامی ئەو کەشتییەبوو، ناشتوانین نکوڵی لێبکەین، بەڵام لە هەموو بارێکدا کەشتییەکە سەرەتای ململانێیەکی درێژخایەنە کە پێگەی کوردستان دەباتە شوێنێکی دیکە.
یەکەم کەشتی لە بەندەری لویزیانا
لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا، دوو مانگ دوای کردنەوەیەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا کە بە کورتکراوەی (ITP) ناسراوە، یەکەمین کەشتی نەوتهەڵگری هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە گەیشتە وێستگەی نەوتی دەریاوانی لویزیانا (LOOP) لە ئەمریکا. ئەم گواستنەوەیە بەرهەمی ڕێککەوتنێکی کاتییە کە لە مانگی ئەیلوولدا بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵاتییەکان بەسترا، کە کۆتایی بە چەقبەستنێکی زیاتر لە دوو ساڵ هێنا.
ڕۆڵی ستراتیژی ئەمریکا
واشنتۆن بۆ ماوەی دەیان ساڵە ڕۆڵێکی کاریگەری لە کەرتی وزەی عێراقدا گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە لە نووسینەوەی دەستووری عیراقەوە دەستپێدەکات و دوایین هەنگاویشی ئەو رێککەوتنانەبوو کە بەهەوڵی واشنتن لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی ئێکسۆن مۆبیلدا ئەنجامدرا
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای Kpler، کەشتی Seaways Brazos (IMO 9594731) نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەرهمی کوردستانی لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا لە جەیهان بارکردووە. چاوەڕوان دەکرێت کەشتیگەلی دیکەی لەو شێوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەمریکا.
هۆکاری سەرەکی ئەم هاوردەکردنە، خواستە لەسەر نەوتی خاوی مامناوەندی ترش (medium sour crudes) کە لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنرێت. پاڵاوگە ئەمریکییەکان بەم جۆرە نەوتە کار دەکەن، و هەرچەندە ئەمریکا نەوتی خاوی سووکی شیرین هەناردە دەکات، بەڵام بۆ دابینکردنی پێداویستی پاڵاوگەکان، نەوتی مامناوەند و قورس و ترش لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین هاوردە دەکات.
بۆ ڕاکێشانی کڕیاران، کۆمپانیا هەناردەکارەکانی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی جەیهانەوە، داشکاندنی زۆریان پێشکەش کردووە. ئەمە لەکاتێکدا، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ هەناردەی نەوت بوەستێت، نەوتی هەرێمی کوردستان دەبرایە پاڵاوگەکانی دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا.
گۆڕینی ناوی نەوت و کۆنترۆڵی سۆمۆ
هەموو جۆرێکی نەوت، بەگوێرەی کوالیتییەکەی پلەیەکی پێدەدرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەو نەوتەی گەیشتووەتە ئەمریکا بە پلەی کەرکوک تۆمارکراوە، هەرچەندە لە ئێستادا نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ جەیهان نانێردرێت. بەڵکو، هەموو ئەو نەوتە خاوەی تا ئێستا نێردراوە، سەرچاوەکەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بووە. ئەمە بەو واتایەدێت کە “پلەی کەرکووک” بۆلەمەودوا بووەتە ناونیشانی نوێ بۆ هەموو نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانیش، لەکاتێکدا کە پێشتر بە KBT ناسرابوو. ئەم گۆڕینی ناونیشانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی عێراق (SOMO) بووەتە تاکە دەسەڵات کە کۆنترۆڵی پڕۆسەی بەبازاڕکردن دەکات.
پێش داخستنی لە ساڵی ٢٠٢٣، بۆری ITP نزیکەی ٤٠٠,٠٠٠ بۆ ٤٥٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەگواستەوە، کە نزیکەی ٣٥٠,٠٠٠ بۆ ٣٧٥,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا KBT و ٧٥,٠٠٠ بۆ ١٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا نەوتی حکومەتی فیدراڵی بوو. بەڵام ئاستی ئێستای هەناردەکردن هێشتا لە خوار ئەو ژمارانەوەیە.
دانوستاندنەکان و ئاسۆی داهاتوو
ڕێککەوتنی بۆری نەوتی تورکیا عیراق، رێککەوتنێکی کاتییە و مانگانە نوێدەکرێتەوە. ئەم رێککەوتنە، سەرەتای ڕێگەیەکە بۆ دانوستاندنی زیاتری بەغدا-هەولێر، بە تایبەت لەسەر پرسی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و هەروەها قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان کە بڕەکەی زیاتر لە ملیارێک دۆلارە. ئەم ڕێککەوتنە، هێندە زەحمەت نییە، بەڵکو ئەمریکا رێگەی بۆ ئەوەش خۆشکردووە، هەربۆیە یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ڕۆژئاوایی هەڵسەنگاندن بۆ چارەسەرکردنی پێدانی پارەی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵاتییەکان بکات، و چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە دوای ٣١ی کانوونی یەکەم مانگانە نوێ بکرێتەوە.
بۆری ITP توانای چاوەڕوانکراوی گەورەتری هەیە کە دەگاتە نزیکەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەکارهێنانی ئەم بۆرییە لەلایەن بەغداوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەشەکانی دیکەی عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری ئێران لەسەر کەرتی وزەی عێراق کەم دەکاتەوە.
وەک چۆن دەوڵەمەندی هەرێمی کوردستان بە یەدەگی گازی سروشتی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، دەرفەتێکە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵاتییەکان تاوەکو کارەکانیان فراوان بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق هەناردە بکات، و بەمەش پشتبەستنی بەغدا بە گازی ئێران کەمببێتەوە. بە هەمان شێوەش بۆری گواستنەوەی نەوتی تورکیا عیراق، دەروازەیەکی دیکەی کێبڕکێ دەکاتەوە، بەتایبەت کە گوشاری ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا تورکیای ناچار کردووە کە هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسی کەم بکاتەوە (کە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای ٣٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو) و سەرچاوەکانی نەوتی خۆی هەمەچەشن بکات، ئیستا نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بژاردەیەک بێت بۆئەوەی ئەم پێداویستییە پڕ بکاتەوە.