دواین هەواڵ

بە کوژرانی ئەفسەرێکی کورد دەستیپێکرد!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی کە بە درۆن هێرشبکرێتە سەر بارەگای دەزگای هەواڵگری عیراق، نیشانەی ئەوەیە وەک کورد دەڵێت: چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسقان.
پێش هێرشەکە، کە ئەفسەرێکی کوردی تیادا کوژرا بە ناوی “سەرمەد بەرزنجی” ئەو سەکۆ میدیاییانەی نزیکن لە میلیشیاکان ئامادەکاری تەواویان بۆکردبوو، بەبیانووی ئەوەی کە دەزگاکە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کردووە.
ئەو بیانووە جگە لەوەی زۆر لاوازە، هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتییە، چونکە لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی ٢٠٠٤، هەمیشە پاڵپشتی ئەمریکای هەبووە.
ڕاستییەکەی، دەزگای هەواڵگری عیراق هەرچەندە دەزگایەکی گرنگ و حەساسیش بێت، بەڵام هەمیشە بەشێک بووە لەو ناوەندانەی کە لە ململانێی تاران و واشنتن پریشکی ئاگرەکەیان بەرکەوتووە. 

ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە دامەزراوەکە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکوەزیرانی عیراقە، هەر بۆیە یەکەمین تەقینەوەی ئەو کێشانە بە شێوەی ئاشکرا لە سەردەمی مستەفا کازمی دەستیپێکرد.
لەو سەردەمە، ئەمریکییەکان دەستیان گەیشت بە دوو زانیاری مەترسیدار: یەکەمیان، ئەوەی کە عیراق تەکنەلۆژیای چاودێری پەیوەندی تەلەفۆنی کە ئەمریکا دابووی پێی داوەتە عیراق. دووەمیان ئەوەی کە سەرۆکی دەزگاکە بە قاسم سولەیمانی گوتبوو “هەموو دەزگاکە لەژێر فەرمانی تۆدایە”
هەر بۆیە چ ئەو کاتەی کازمی سەرۆکی دەزگاکەبوو، دواتریش دەستکرا بە دوورخستنەوەی ئەوانەی نزیکبوون لە ئێرانەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی سودانی هەموو ئەو کەسانە گەڕانەوە، بەتایبەتی لە بەشەکانی بەرونگاربوونەوەی سیخوڕی، ئاسایشی ناوخۆ و چاودێری.

کەواتە بۆچی ئەمڕۆ دەزگاکە کرایە ئامانج؟
یەکێک لە مەرجەکانی بەردەم سودانی بۆ ئەوەی خوپێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەوەیە کە ئەو دەزگایە لەو کەسانە پاکبکاتەوە. ئەم داواکارییە، لەگەڵ جەنگی ئەم دواییە جددیتر بووە. ئیستا ئەمریکییەکان زۆر توندن لەو باسە و پێناچێت ئامادەی سازش بن.
دوێنێ سودانی لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆبوونەوەی هەبووە. لەو کۆبوونەوەیە سودانی پرسی گۆڕانکاری لەو دەزگایە خستووەتەڕوو. گۆڕانکاریش واتە لادانی ئەو کەسانە و بڕینی دەستی میلیشیاکان لەو دەزگایە. هەر بۆیە ئەمڕۆ ئەو وەڵامە توندەی هەبوو.

پێناچێت پرسی ئەو هێرشە، تەنها بە ئیدانەیەک تەواوبێت. چونکە ئەمریکا سوورە لەسەر داواکەی و سودانیش پێناچێت ئەو چانسە لەخۆی دوورخاتەوە، هەم لایەنەکانی حەشد نایانەوێ پێگەیان لەو دەزگایە لەدەستبدەن.
ململانێی ئەو دووبەرەیە، جگە لەوەی بەردەوامبوونی دەبێتە هۆی ئەوەی شەڕ لەمەی ئیستا زیاتر و توندوتیژتر بێتە ناو عیراق، کردنەوەی دەرگای شەڕێکی شیعی/ شیعییە کە ئاگرەکەی زۆر ئەستەم دەکوژێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP