دواین هەواڵ

چاویلکەی نەنکم !

‌شیروان تاڵیب

05/09/2023

ڕوبعێکی ژمارەی ئەو شاندە ڕەسمی و حیزبییانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا چوون، لەنێوان ھەولێر و سلێمانیدا بھاتنایە و بچوونایە، ناڵێم ھیچ کێشەمان نەئەبوو، بەڵام بە یەقینەوە، نیوەی ئەو کێشانەی کە ئێستا لەگەڵ بەغدا ھەمانن، نەئەبوون. نیوەکەی تریشی، چارەسەرکردنیان ئاسان ئەبوو، ئاخر ئەگەر ڕێی ھەولێر ـ سلێمانی دووساید بێ، تەنێکی ئەو کێشانەی کە لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە بۆمان دێ، بە فلسێ!

ئەوەی کێشەکانی ھەرێم ـ بەغدای بە ژمارە زۆر و بە نەوعییەتیش ئاڵۆز کردووە، لە کێشەی نێوان خۆمانەوە ھاتووە! ڕاستە کێشەی جددیمان لەگەڵ بەغدا ھەیە و پێشتریش ھەر ھەبووە، بەڵام ئەوانەی ئێستا، زۆریان لێرەوە بۆ ئەوێ چووە، لەوێوە نەھاتووە، پارچەی کێشەکانی ئێرەن و پاش ئەوەی لەوێ تەجمیع ئەکرێن، ئەخرێتە پاکەتێکەوە و بۆمان ڕەوانە ئەکرێتەوە،، ھەیانە ھێشتا لەزگەکەی خۆمانی پێوەیە و ئەوان لەوێ ھەر بەقەصد لێی ناکەنەوە، تا بیناسینەوە!

پاش و پێشێک لە ھەنگاوەکانماندا ھەیە، باز بەسەر کێشەکانی ئێرەدا ئەدەین و لەوێ بۆ چارەسەرەکانیان ئەگەڕێین، ھەربۆیەش تا کونێک ئەگرین، دوو سێ کونی ترمان تێ ئەبێ و تێ ئەکەن!
لە ھەقایەتی( چاویلکەی نەنکم), داپیرە بۆ چاویلکەکەی ئەگەڕێ و بە نەسرین و مناڵەکانی تر ئەڵێ بۆم بدۆزنەوە، چیرۆکێکی خۆشتان بۆ ئەگێڕمەوە، زۆر ئەگەڕێن چاویلکەکە نادۆزنەوە، دواجار تەماشا ئەکەن چاویلکەکە بەسەر سەری نەنکیانەوەیە و پێی نەزانیووە!

تەبعەن چیرۆکەکەشیان بۆ ناگێڕێتەوە، چونکە ئەوەندە بەدوای چاویلکەکەدا گەڕاون،،
ماندووبون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP