هەرێم نیوز
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی باڵای ئەمڕۆیاندا لە سلێمانی جەختیان لە گرتنەبەری دیالۆگ و یەکخستنی هەڵوێستەکان کردەوە و رایانگەیاند، بە یەکهەڵوێستی بەشداری لە کۆبوونەوەی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ لە بەغدا دەکەن و بە هاوبەشی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
تەوەرەکانی کۆبوونەوە و یەکخستنی هەڵوێست
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بارودۆخی تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکخستنی هەڵوێست بەرامبەر بە پرسە هەنووکەیییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکاندا.
بەشداریکردنی هاوبەش لە کۆبوونەوەکەی بەغدا و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر گرتنەبەری دیالۆگ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و بە یەکهەڵوێستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ کە لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە داکۆکی لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییی عێراقدا دەکەن و بە هاوبەشی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.