هەرێم نیوز
⠀
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، ڕەشنووسی بودجە بە خواستی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و پەسەندکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە جگە لە بەڵێنێکی سەرۆکوەزیران، هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچە نییە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی 11ـی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وادەی ناردنی ڕەشنووسی بودجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، تا ئێستا کاتەکەی دیار نییە و تا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان نەکرێت و جۆرێک لە ڕێککەوتن نەیەتە ئاراوە بابەتەکە یەکلا نابێتەوە، بەڵام ئەگەر بێئومێد بن و ڕێکنەکەون ڕەنگە ڕەشنووسەکە بەبێ ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.
⠀
سەبارەت بە ئەگەری دواکەوتنی بودجە بەهۆی دەستپێکردنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان لە ١ـی کانوونی یەکەمدا، کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، پەسەندکردنی ڕەشنووسی بودجە گفتوگۆی زۆری دەوێت و بێگومان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، بەڵام بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ هەر کاتێک بودجە بگاتە پەرلەمان دەبێت لیژنە پەیوەندیدارەکان پشووی خۆیان ببڕن و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم لە کۆبوونەوەی گشتیدا بکرێت و تا دەنگدانیش لیژنەی دارایی کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەکات.
⠀
لەبارەی جێگیرکردنی خواست و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە وتی، ڕەشنووسەکە بە دڵی کورد نییە و چەند دۆسیەیەکی گەورەی تێدایە کە هیچیان بە خواستی هەرێمی کوردستان نین، بۆیە ئەگەر بەم شێوازە تێپەڕێت هەرێمی کوردستان زیان دەکات و هەر لەبەر ئەوەش ناڕازین و پێی ڕازی نەبوون.
⠀
پەیوەست بە گەرەنتیی ناردنی مووچە لە ئەگەری دواکەوتنی بودجە و جیاکردنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، جەمال کۆچەر دووپاتی کردەوە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی بەردەوامیی ناردنی مووچەیان داوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەکی یاسایی نییە جگە لە بەڵێنەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ناشزانرێت ئایا لەسەر قسەکانی خۆیان دەمێننەوە یان نا.
⠀
لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستیشەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە، تا ئێستا هیچ بەڵێنێک بۆ بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە پابەندبوون و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدادەوە، وتیشی، ئەگەر ڕێککەوتن هەبێت هەموو ئەو شتانە دەکرێن و ئەگەر ڕێککەوتنیش نەبێت هیچ ناکرێت.