هەرێم نیوز
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە بەڵگە یاسایی، دارایی و سیاسییەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا کۆتایی ٢٠٢٥ رایگەیاند، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەپێی بەرژەوەندیی سیاسی بڕگەکانی دەستووریان هەڵبژاردووە یان پەک خستووە، ئەمەش عێراقی بەرەو ناوەندگەرایی گێڕاوەتەوە و گوشاری خستووەتە سەر قەوارەی هەرێم.
مامەڵەی سیاسیی بەغدا لەگەڵ دەستوور و گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەییی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، بەڵگە یاسایی، دارایی و سیاسییەکان دەریدەخەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەستووردا نەکردووە وەک مەرجەعێکی یاساییی باڵا و پابەندکەر.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەغدا وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هەڵبژاردنی بەشێکی، دواخستن، پەکخستن یان لێکدانەوە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەستووردا کردووە؛ ئەم ڕێبازە لە کرداردا دەوڵەتی عێراقی بەرەو ناوەندگەرایی گێڕاوەتەوە، بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەی هەڵوەشاندووەتەوە و گوشارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خستووەتە سەر مافە دەستوورییەکان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
دیارترین ژمارە و ئامارەکانی پێشێلکارییە دەستوورییەکان (٢٠٠٥ – ٢٠٢٥):
فەرمانگەی میدیا و زانیاری قەبارەی پێشێلکارییە دەستوورییە تۆمارکراوەکانی لە ماوەی بیست ساڵدا بەم ئامارانە خستووەتە ڕوو:
• ١٥ ساڵ دواکەوتنی ئەنجوومەنی فیدراڵی: تا ئێستا ئەنجوومەنی فیدراڵی پێک نەهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی دەستوور ساڵی ٢٠١٠ـی وەک دوا وادە بۆ پێکهێنانی دیاری کردبوو.
• کەمتر لە ١٪ نوێنەرایەتیی کورد: ڕێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا فەرمانبەرییە فیدراڵییەکاندا، بەتایبەت لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، کەمتر لە ١٪ـە.
• لە باشترین دۆخدا ٥٪ـی بودجە: ئەوپەڕی ئەو پشکەی بەکردەیی بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا تەرخان کراوە دوای کەمکردنەوە و کۆتوبەندەکان ٥٪ بووە، بە بەراورد بە ڕێژەی ١٧٪ـی پێشوو.
• ٨ ساڵ بڕینی تەواوەتیی مووچە: لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥، هەرێمی کوردستان مووچەی هەشت ساڵی بە تەواوەتی نەنێردراوە.
• نزیکەی ٢٠ ساڵ دواکەوتنی ماددەی ١٤٠: دوا وادەی دەستووری بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ کۆتایی هاتووە بەبێ جێبەجێکردنی کردەیی.
• ١٤ یاسای فیدراڵیی جەوهەری: تا ئێستا ١٤ یاسای فیدراڵیی جەوهەری بە پەکخراوی ماونەتەوە و دەرنەچوێنراون، سەرەڕای هەبوونی دەقی ڕوونی دەستوور.