دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 خولەک پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان خاکی هەمووانەو کەس ناتوانێ دابەشی بکات

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت هەرێمی کوردستان دابەش بکات و ئەو هەوڵانەشی دەدرێن گوماناوین. دەشڵێت: کاردانەوەی یەکێتی عەقڵانیی نەبوو.

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند، دەرگامان بۆ دانوستان کراوەیە، بەڵام پێموایە کاردانەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ عەقڵانی نیە، بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان لایەنی بەرامبەر دوو سکاڵای تۆمارکرد یەکێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەوەی دیکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، ئێمەش دوو ڕێگەمان لەبەردەمدا بوو، یەکەم؛ ڕزگارکردنی شەرعیەتی دامەزراوەکانمان، دووەم؛ ڕوبەڕوبونەوەی کاردانەوەی لایەنی بەرامبەر کە عەقڵانی نەبوون.

بەوتەی سەرۆک وەزیران، "ئێمە ڕێگەی یەکەممان هەڵبژارد و ئەوەی پێویست بوو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کردمان، کە دژی هیچ کەسێک نیە".

مەسرور بارزانی وتیشی: ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ئێمە فشارمان لە پەرلەمانتاران کردووە بۆ دانیشتنی پەرلەمان قسەی بێمانان و ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، خۆیان پێشتر هەوڵیاندا نیسابی یاسایی کۆبکەنەوە و کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، بەڵام شکستیان هێنا.

باسی لەوەشکرد، هیوادارم هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لە پەرلەمان کورسیان هەیە، بەشداریی لە حکومەتدا بکەن. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP