هەرێم نیوز
⠀
ڕێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، گەرەنتیی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ کراوە و هەموو بابەتەکان یەکلایی کراونەتەوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی 11ـی 2026، ڕێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی و مووچەی مووچەخۆران گفتوگۆیان کردووە و گەرەنتیی تەواوی مووچە لە بودجە و بۆ هەردوو مانگی کۆتایی ئەمساڵ کراوە.
⠀
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک بابەتی تەکنیکی ماون کە پەیوەندییان بە دۆسیەی نەوتەوە هەیە.
⠀
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی وتی، ئەگەر سەدا سەدی داهاتی نانەوتی بدرێتە هەرێمی کوردستان ئەوا هەرێم خۆی بودجەی وەبەرهێنان و بەکاربردن دابین دەکات و ئەگەریش نەدرێت دەبێت بەغداد دابینی بکات و لەسەر ئەمەش تێگەیشتن هەیە و تەنیا ڕێککەوتنی لەسەر ماوە.
⠀
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئاشکراشی کرد، هێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ نەهاتووەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
⠀
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026، نوێنەرانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ١١ ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن و چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی ١٢ پارەی مووچە بگاتە هەرێم.