دواین هەواڵ

هەڵکشانی چین‌و پرسی کورد

‌د.سەردار عەزیز

11/09/2023

لە ٢٧ی ئابی ساڵی ١٩٥٨ چین باڵیۆزخانەی لەبەغدا کردەوە. ئەگەر لەبەروارەکە بنواڕین کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتمان بۆ روون دەبێتەوە. یەکەم، چین پێش کودەتا\شۆڕشی چواردەی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا نەبوو، چونکە عێراقی پادشایەتی وەک بەشێک لەسیستەمی رۆژئاوایی یان ئیمپرایالیزم دەبینی. کردنەوەی باڵیۆزخانەی لەکۆتایی مانگی ئابدا ئاماژەیە کە چین شەش هەفتە پاش کۆدەتاکەی قاسم پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا دروستدەکات، کە ئاماژەیە بۆ هەبوونی خواستی چین بۆ پەیوەندی. چینی پەنجاکان، وڵاتێکی هەژار بوو، لەساڵی ١٩٤٩ چین بوو بەکۆماریی.  ئەم هاوکاتییە لەگۆڕانی سیستەمی سیاسی هۆکارێکی ترە کەهەردوو عێراق و چین پەیوەندییان دروستکرد.

لەپەنجاکان چین سەرگەرمی گواستنەوە بوو بۆ سۆشیالیزم و کاری گەورەی رێکخستنی زەویوزار بوو لەوڵاتدا.

ساڵی ١٩٥٨ ساڵێکی یەکلاییکەرەوەیە لەمێژووی عێراقدا. پەیوەندی ئەمریکاش لەگەڵ عێراقدا هەر لەو ساڵەدا بەکاریگەریی دەستپێدەکات، یان بەزمانێکی تر عێراق لەساڵی ١٩٥٨ەوە دەکەوێتە ناو راداری ئەمریکاوەو دەبێتە بەشێک لەململانێی جەنگی سارد.

هەتا ئەم دەیەی دوایی نەبێت، پەیوەندی چین و عێراق هێندە کاریگەر نەبوو. دەکرێت بوترێت کە لە 10 ساڵی رابردوودا یان پاش کەوتنی رژێمی سەدام پەیوەندی چین و عێراق کاریگەرترین بوو. بەڵام لەمەڕ پەیوەست بەپرسی کوردەوە، کاریگەریی هەڵکشانی چین لەپەیوەندی لەگەڵ عێراقدا نیە، بەڵکو زیاتر ئەوە پرسێکی دووەمیە، ئەوەی زیاتر کاریگەرە پەیوەندی چینە لەگەڵ ئەمریکا، یان زۆر بەوردتر پەیوەندی ئەمریکایە لەگەڵ چیندا.

دەکرێت روانگەکەمان بەم شێوەیە دابڕێژین. هەڵکشانی چین، سەرەتای کۆتایی تاک جەمسەرییە. ئەمریکا لەدونیای زیاتر لەجەمسەرێکدا، دەبێت خەمی ئەوە بخوات کەچۆن ئەو رکەبەرەی هەڵدەکشێت، پێگەی لاواز نەکات. هەمیشە خەمی گەورەی زلهێز ئەوەیە کە چۆن رێگریی بکات لەسەرهەڵدانی رکەبەر، دەتوانین بڵێین کەهاتنی ئەمریکا بۆ عێراق، یەکەم جەنگی ئەمریکابوو بۆ بەئەمریکاییکردنی دونیاو رێگریی لەسەرهەڵدانی رکەبەر، کە بەدۆکترنی ۆڵفوەیتز ناسراوە.

پاشان لەدەرئەنجامی سەرقاڵبوونی ئەمریکا بەشەڕی تیرۆرو عێراقەوە، چین هەڵکشا.

سەرەتا ئەمریکاییەکان بڕوایان وەهابوو کەدەوڵەمەندبوونی چین دەبێتە مایەی دیموکراسی بوونی، بەڵام ئێستا ئەم دیدە ژەنگی زۆری گرتووە، زۆرێکیش دەستبەرداریی بوون.

لەم پاشخانەدا بۆمان دەردەکەوێت کەئەمریکا ناچارە رۆڵی لەعێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە هەتا جەختی زیاتر لەسەر چین بکاتەوە. ئەم هەوڵی کەمکردنەوەیە، هەتا ئێستا بە باشی سەرناگرێت، چونکە وڵاتانی ناوچەکە هەندێکیان دەترسن، هەندێکیان بەدەرفەتی دەزانن بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان، هەندێکیان دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی ئەمریکا، هەندێکی تریشیان خەریکن ئاهەنگی ئەوە دەگێڕن کەسەرکەوتن بەسەر ئەمریکادا.

ئەمەشە هۆکاری ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کەئێستا لە ناوچەوکەدایە.

سەردەمی تاکجەمسەریی، سەردەمێک بوو کەهێزی سەربازیی و چارەسەری سەربازیی هەتا ئاستێکی زۆر وەلاخرابوو. ئەمەش رێگەی خۆشکردبوو بۆ گەشەی بوارەکانی تری وەک حوکمداریی، مافەکان، دیموکراسی، بازاڕ. هەمیشە لەمێژوودا بازرگان و سەرباز پێکەوە سنورەکانیان بڕیەوە، بەڵام لەسەردەمی تاکجەمسەریدا، دۆخێکی ئاشتی وەها دروست بوو، کە بازرگانەکان بەبێ سەربازەکان دەیانتوانی بەدونیادا بڕۆن.

ئێستا جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی سەربازو بازرگان. لەمبارەوە کتێبە بەناوبانگەکەی ریتچارد رۆسنکرەینس بە ناوی سەرهەڵدانی دەوڵەتی بازرگانی، شایانی ئاماژەیە. [بۆ نموونە ئەگەر تەماشای تورکیای سەردەمی داودئۆغلۆ بکەیت، سەردەمی دەوڵەتی بازرگانیی بوو، تورکیا بەبێ پشتبەستن بەسوپا پەلی دەکێشا، بەڵام ئێستا تورکیا گەڕایەوە بۆ دەوڵەتی بازرگان و سەرباز].هەموو ئەمانە راستەوخۆ پەیوەست بوو بەدۆخی دەوڵەتەوە. پرسی زۆر لەمەڕ چارەنووسی دەوڵەت هاتە ئاراوە. بیرم دێت جارێک کچێکی تورک کە خوێندکاری دوکتۆرابو لە زانکۆیەکی بەریتانی، دیداری لە گەڵدا سازدام، تێزەکەی دەربارەی نیولیبرالیزم بوو لە کوردستان. ئارگومێنی ئەو ئەوەبوو کە ئەمریکا لە سەردەمی نیولیبرالدا نایەوێت یان بەلایەوە گرنگ نیە یەکگرتن یان یەکبون هەبێت لە نێو هێزە کوردییەکاندا. ئەو وەک چەپێکی تورک، دیدەکەی زیاتر ئەپرۆچێکی ئایدۆلۆژیانە بوو، بۆ مامەڵەی نیولیبرالیزم.

بەڵام لە سەردەمی جیهانگەریی و تاکجەمسەریدا، دەوڵەت رۆڵی کەمبووەوە، یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەمە فیدراڵیزم و سەرهەڵدانی هەرێمی کوردستان و کۆتایی بەناوەندگەرایی بوو لەمۆدێلی دەوڵەت لەناوچەکە، وەک شێوازێک بۆ ئیدارەدان.

لەم سەردەمەدا مافەکان و شوناسەکان و جیاوازییەکان و پرسە بچوکەکان هاتنە سەرەوە. ئەم دۆخەیە وڵاتانی دژ بە بەهاکانی تاکجەمسەریی ئەمریکی جەخت لەسەر دژایەتی بەهاکانی ئەمریکا دەکەنەوە. دیموکراسی وەک ئامرازو ئایدۆلۆژیا دەبینن، مافەکانی مرۆڤ وەک بەهانە دەستوەردان مامەڵە دەکەن. وردبونەوەی دەوڵەت و سەرهەڵدانی تێزەکانی وەک بەرپرسیارێتی پاراستن  وەک مەترسی دەبینن.

لەم روانگەیە دەتوانین قسە لەسەر کاریگەریی هەڵکشانی چین بکەین لەسەر پرسی کورد. لەخوارەوە لەچەند خاڵێکدا کورتی دەکەمەوە.

یەکەم، هەڵکشانی چین بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا بەدوای ئەوەدا بگەڕێت کە پەیوەندی لە گەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت و چیدی هێندە  خۆی پێوە سەرقاڵ نەکات، بۆ ئەوەی بیپەرژێتە سەر چین. دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە نایەوێت بە قوڵی لە هیچ پرۆژەیەکدا بەشداربێت و ئەم دۆخەی ئێستا کە هەیە، ناسەقامگیرییەکی سنوردار بەباش دەزانێت.

دووەم، ئەو سەردەمی کە دەوڵەت کەوتە ژێر فشارەوە بەهۆی هەڵکشانی بازاڕو چەندین تێز هاتنە ئاراوە، کە گوایە پەیوەندی وڵاتان تەنها لەسەر ئاسایش و مەترسی بونیادنەنراوە، ئێستا بەرەو لاوازی دەچێت و جارێکی تر دەوڵەت و ناوەندگەراییەکان بەهێز دەبنەوە. لەلایەک سیستەمی رکەبەریی ئەمریکی لەگەڵ چیندا پاڵپشتی بەهێزبوونەوەی ناوەندە، لەلایەکی تر ئەمریکا خۆی پاشەکشەی لەسیستەمەکەی پێشوو کردووە لە پێناو بەدەسهێنانی دۆست لەململانێ نوێکانیدا. دەربڕینێک هەیە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، گوایە سەرۆکی ئەمریکی رۆزفیلت دەربارەی دیکتاتۆری نیکاراگوا جەنەڕال سۆمۆزا گوتەیەتی، ڕەنگە سۆمۆزا کوڕی سۆزانی نیت، بەڵام کوڕی سۆزانی خۆمانە. ئەم دەربڕینە مانای ئەوەیە خراپی و باشی کەسەکان گرنگ نیە، بەڵکو لایەنگرییەکەیان جێگای بایەخە. ئەگەر سەرکردەیەک خراپیش بێت ئەوا ئەگەر سەر بەئەمریکا بێت ئەمریکا دەڵێت باشە، بەپێچەوانەوە خراپە. بە مانایەکی تر سەردەمی بەها لەسیێسەتی ئەمریکیدا بەهۆی هەڵکشانی چینەوە کۆتایی هات. جۆن مێرشمایەر بەزەقی باس لەم دۆخە  دەکات.

سێیەم، لەئەنجامی هەڵکشانی چین چەندین مۆدێلی نوێ لەحوکمڕانی بەدونیادا تەشەنە دەکات. بۆ نموونە  مۆدێلی حکومەتی حزبی، کەجۆرە مۆدێلێکە لەعێراق و کوردستان و ناوچەکە بوونی هەیە، دەبێتە جیهانیی، یان بەهانەی بۆ پەیدا دەبێت. جەختکردنەوە لەسەر ژێرخان لەبەرامبەر دیموکراسیی و مافەکان. بۆ نموونە دەبینین لەعێراق سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی خۆی بنوێنێت، باس لەپرۆژەیەکی گەورەی وەک پرۆژەی گەشە دەکات.

چوارهەم، لەئەنجامی هەڵکشانی چین گەڕانەوە بۆ دەوڵەت بەمۆدێلە وێستڤیلیاییەکەی، هەروەها فشار بۆ لەقاڵبدانی سیستەمی نێودەولەتی بەو مۆدێلە، دەبێتە بەشێک لەسیستەمی جیهانیی. لەئەنجامدا پرسی کەمینەو جیاوازو فرەیی و ناناوەند دێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP