دواین هەواڵ

" کەرتی غەزە و حەماس " دوای ٣ سێ مانگ جەنگ

‌عەلی حەمە

07/01/2024

لەهەر شوێنێ شەڕێک بەرپا ئەبێ ، ئێمە لێرە بیرنەکانمان ئەکولێتەوە.!

دوو هەفتە دوای رووداوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر " د. محمد سلیم العوا "  بیرمەندی ئیسلامی و منظرى حماس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی راستوخۆی الجزيرة لە ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ؛ سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکەی حماس وتی ؛ ( ئەمە سەرەتای کۆتایی ئیسرائیلە) !

 دەشێ بۆچونێک ، بیرێکی راگوزەر ، تەصوراتی ئایدیالۆژیەکی دیاریکراوی نابابەتی و ناواقیعی ، تەنها هۆکارێکی بەس بێ بۆ مەرگی هەزاران و کاولکاریەکی گەورە هەروەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین لە ناو فەلەستین و کەرتی غەزە ...

هەموان دەکرێ بپرسین ؛ بەڕاست ئەمە سەرەتای کۆتایی اسرائیل بوو ؟  

*-  سێ مانگی شەڕ ، سێ مانگی بەردەوامی وێران بون و مەرگەساتی قوڵی خەڵک و کەرتی غەزە بوو ، ئاراستەی رووداو و کاولکاریەکان بەجۆرێکە کە شوێنەوار و پاشماوەی مەترسیدارتر و خوێناوی ترە لە هەرجەنگ و پێکانێکی سەربازی ئاسایی مێژووی نوێی ناوچەکە.

جگە لەو ئامارو داتایە مەترسیدارو وێران و کاولکاریە هەمەلایەنە کە کەرتی غەزەی گرتەوە کە لەخوارەوە بەخاڵ ئاماژەم پێداوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەرکردەو فەرماندە مەیدانی و تەکنیکیانەی حەماس لەلایەن اسرائیلەوە تیرۆر کراون لەگەڵ  چەند سەرکردەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاکانی عێراقی و حزب اللە لوبنانی و چەندین چەکداری حوسییەکانی یەمەن ئەمانیش ؛

1-تیرۆرکردنی هەردوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حماس ( زەکەریا احمد ابو معمر و جواد ابو شماله لە ڕێکەوتی ١٠-١٠-٢٠٢٣ لەناو کەرتی غەزەدا .
2-تیرۆرکردنی موراد احمد ابو موراد لە ڕێکەوتی ١٣-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ئاسمانیەکانی حماس و یەکێک بوە لە پلان دانەرانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری
3-تیرۆرکردنی علي القاضي لە ١٤-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی هێزی تایبەتی کتائیبی قەسام.
4-تیرۆرکردنی بلال القدرە لە ١٥-١٠-٢٠٢٣ ، فەرماندەی هێزی تایبەتی هێرشبەر بۆسەر اسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر .
5-تیرۆر کردنی أسامة المزيني لە ١٧-١٠-٢٠٢٣ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای حماس .
6-تیرۆرکردنی ( جەمیلە الشنطي ) لە ١٩-١٠-٢٠٢٣ لە ماڵەکەی خۆیدا ، ناوبراو یەکەمین ئەندامی ژن بوو لە مەکتەبی سیاسی حماس و ئەندامێکی کاراو دیار بوو .
7-تیرۆرکردنی صالح العاروري لە ڕێکەوتی لە ٢-١-٢٠٢٤ ، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حماس لەگەڵ سمیر فندی ناسراو بە ابو عامر لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە لوبنان .

*-   هەروەها جگە لەو زنجیرە تیرۆرکردنەی کە اسرائیل لەبەرامبەر حماس دا ئەنجامی داوە ، وەک پەچە کردارێک لەبەرامبەر دەستێوەردانەکانی ئێران و حزب اللە ی لوبنانی و میلیشیا شیعەکانی عێراق و پەلامارەکانی  هێزە دەریاییەکانی حوسییەکانی یەمەن ، اسرائیل توانیویەتی ١٤ سەرکردەو فەرماندەی سەربازی دیاری ئێران لە ناویاندا سید ڕەزای موسەوی سەرکردەو مونەسەقی ئێران لەگەڵ میلیشیاکانی لوبنان و سوریاو غەزە لە سوریا تیرۆربکات و زیاتر لە ١٢٠ لە ئەندامی میلیشیاکانی حزب اللە لە باشوری لوبنان و ١٢ ئەندامی هێزە پەلاماردەری دەریایی کوشتوە .

*-  ئامار و داتا خەم ئامێز و تراژیدیاکان سەبارەت بە خەڵک و کەرتی غەزە

  بەپێی راپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و هەماهەنکاری نەتەوەیەکگرتوەکان  کەرتی غەزە لە شارێکەوە بوە  وێرانەیەکی پاشماوەی جەنگ کە بەپێی ئامار و داتاکان بێت جگە لە خەسارەتێکی گەورەی مادی ، ماوەیەکی یەکجار زۆری دەوێت

بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی چونکە ژێرخانی ئابوری و دامەزراوە ئابوری و خزمەتگوزاریەکانی وەک بۆری گواستنەوە و دابەشکردنی ئاوی ماڵان و ئاوەڕۆ و کێبڵاتی پەیوەندی وگەیاندن کە زۆربەیان کەوتوونەتە ژێر زەوی شارەکە تێکشکێنراون و پەکخراون کەئەمە پێویستی بە سەرلەنوێ دروستکردنەوە هەیە .

دوای ٩٠ نەوت رۆژ لە جەنگ وململانێ نێوان شاڵاوی بەناو ( طۆفانی الاقصى ) ی حەماس و پەچەکرداری و وەڵامی اسرائیل لەژێر ناوی  (السيف الحديدي ) کەرتی غەزە بەم کارەساتە مرۆییە و کاولکاریە شارستانیە گەیشتوە ؛

ژمارەی گیان لەدەست داوان گەیشتۆتە ( ٢٢٧٢٢ ) بیست و دوو هەزار و حەوت سەدو بیست و دوو کەس ، لەگەڵ برینداربوونی نزیکەی ٦٩ هەزار کەس و بێ سەروشوێن بوونی زیاتر لە ٧٠٠٠ حەوت هەزار کەسی تر .

1-لە ٨٥ % خەڵکی کەرتی غەزە ماڵومەڵکی خۆیان جێ هێشتوە و ئاوارە بوون .
2-لە ٦٥ % ژێرخانی ئابووری لەناو چوە .
3-لە ٧٠% باڵەخانە و خانوەکانی نیشتەجێ بونی هاوڵاتیان یا رووخاون یا زیانی زۆریان بەرکەوتوە .
4-لە ٧٧% خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان وەستاون
5-لە % ٦٨ خزمەتگوزاریەکانی پەیوەندی و گەیاندن لەکارکەوتوون.
6-لە ٧٢% خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی نەماوە و پەکخراوە .
7-لە ٧٦% شوێنە بازرگانی و دامەزراوە ئابوریەکان وێرانبووە و لەناو چوون .
8-لە ٢٠% زەوی بەراو و کشتوکاڵیەکان بەکەڵکی كشتوکاڵی نەماوە .
9-لە ٥٢% هێڵ و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو لەکار کەوتوە و بۆردومانەکان تێکی شکاندون .
10-لە ٣٦ نەخۆشخانە تەنها ٨نەخۆشخانە خزمەت پێشکەش دەکەن ئەوانی تر سەرجەمیان بەهۆی شەڕو نەبونی پێداویستی و بۆردومانەوە لەکار کەوتوون .
11-٣٤٢ خوێندنگەی گشتی و ٧٠ خوێندنگەی تایبەت زیانیان بەرکەوتوە و داخراون .
12-نیوەی ڕێگاوبان و شەقامە سەرەکیەکانی کەرتی غەزە زیانی گەورەیان بەرکەوتوە و زۆربەیان شەڕوبۆردومانەکان وێرانی کردون و بەکەڵکی بەکارهێنان نەماون .
13-وێرانبوونی ١٤٤ شوێنەواری مێژووی و مۆزەخانە و ناوچەی شوێنەواری کۆن لەناویاندا شوێنەواری شارۆچکەی کۆن و مزگەوتی گەورەی کۆنی العمری کە تەمەنی زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵ بوە .
14-زیاتر لە ١٨٢ هەزار هەلی وەزیفی لەکەرتی غەزە لەدەست دراوە و ١٦٠ هەزار کرێکارو کارمەند وەزیفەی خۆیان لەناو شارەکانی اسرائیل لەدەست داوە و نزیکەی ٢٠٨ هەزار کەسیش لە شارەکانی کەناری خۆرئاوای فەلەستین ( الضفة الغربية ) بێ کاربوون و هەلی وەزیفیان لەکیس چووە ، بەمەش رێژەی بێ کاری و برسیەتی بەجۆرێک زیاد کردوە کە گەیاندویەتیە خاڵێکی مەترسیدارو ویژدان هەژێن ..

شایانی باسە لەساڵی ٢٠٠٧ کە بەتەواوی کەرتی غەزە کەوتە ژێر دەستی بزوتنەوەی حماس و هێزەکانی رێکخراوی ڕزگاری خوازی فەلەستینی دەرکرد ، ئەمە ٧ حەوتەمین گەڕی ململانێ و شەڕی نێوان اسرائیل و هێزەکانی حەماسە لە فەلەستین .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP