دواین هەواڵ

ئەردۆغان چۆن دەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە؟

‌كارزان گلی

پێش 3 هەفتە

شكستی ئاكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، دەرگای بۆ شڕۆڤەكاران خۆش كردووە، تا باس لە ئاییندەی ئەردۆغان بكەن، بەتایبەت ئەو رێگرییەی لە دەستووردا بۆی دروست دەبێت، بەوەی ناتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا بەربژێر بكاتەوە.

تاكە رێگە لەبەردەم ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری سەرۆكایەتیی، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت توركیا بباتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستی بە دەنگی دەم پارتی هەیە، لە خوارەوە زیاتر شی دەكەمەوە.

بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٦٧ پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەكانی ئاكەپە و مەهەپە، ناگاتە ئەو ئاستە.

ئاكەپە و مەهەپە، كا هاوپەیمانیی یەكترین، لەناو پەرلەمان ژمارەی كورسییەكانیان ٣١٣ كورسییە، تەنانەت ئەگەر پارتی خاسیش بە بەڵی دەنگ بدات، دەكاتە ٣٥١، هەروەها چوار كورسی خوداپار و چوار كورسی پارتی سەرلەنوێ رەفاهیشی بخەیتە سەر، هەر ناكاتە ٣٦٧، بۆیە ناچارە روو لە دەم پارتی بكات، تا دەنگ بە بەڵێ بدەن و رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكەن، تا بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.

كەواتە، پێویست دەكات، ئاكەپە سیاسەتی قەیووم واز لێبێنێت، هەروەها لە دەم پارتی نزیك ببێتەوە، تا لە رێككەوتنێكدا بتوانن توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، ئەگەر لەم كاتەدا ئەردۆغان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت، جەهەپە بەبەڵێ دەنگ دەدات، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت تا ٢٠٢٨ سەركۆمار بێت و پارتەكەی كۆ بكاتەوە و ئاستی جەماوەری خۆی بەرز بكاتەوە، بۆیە تەنیا دەم پارتییە لەو كاتەدا فریای بكەوێت.

كورد هەمیشە كارتی فشاری هەبووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانێت بەكاری بهێنێت. وەكوو چۆن مەهەپە توانی لە ٢٠١٧ كارتە فشارەكەی بەكاری بهێنێت و ئێستا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئەو پارتە كاریگەریی زۆری لەسەر ئەردۆغان هەیە، پێویستە ئیدی كورد جێگەی مەهەپە بگرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP