دواین هەواڵ

کەرکوک لەبەردەم هەڕەشەی حەرەس قەومی و فاشیزمی مەرکەزیدا

‌نەوزادی موهەندیس

17/09/2023

کەرکوک وەک شارێکی فرە چەشنی نەتەوەیی تایبەتمەند کەپێکهاتەی ئەم شارە لەزۆرینەی کوردو کەمینەیەکی عەرەب و عەرەبی هاوردەو چەند خێزانێکی تورکمان پێكهاتوە، گرژی رەگەزیی لەدوای پرۆسەی رزگاریی عێراقەوە هەموو کاتێک لەم شارەدا بوونی هەبووە چونکە پاڵنەری شۆڤێنی رەگی قووڵی هەیەو جگە لەڕەهەندی فاشیزمی عەرەبی  وڵاتێکی وەک تورکیاش چاوی تەماحی لەم شارەدا هەیەو بەردەوام دەستی هەبوە لەدروستکردنی ئاستەنگ و کێشەکاندا، ئەمەش کە بەردەوام هەڕەشە بوە لەسەر ژیانی پێکەوەیی رەگەزەکانی ئەم شارەو ئاشتی کۆمەڵایەتی خستوەتە بەردەم مەترسی و بەریەککەوتنی رەگەزیی کوردو عەرەب و تورکمانی بەدوادا هاتوەو توندوتیژی و ئاشوبی شەڕو رژانی خوێنی لاوەکانی لێکەوتوەتەوە.

کوردیش زیاتر  قوربانی ئەم بەریەککەوتنانە بووە ، ئەمەش بەشێکی لە لاوازی گوتاری کوردی سەریهەڵداوەو شۆڤێنێزمی عەرەبی سوودی لەناکۆکی وناتەبایی حزبە سیایسەکانی کورد وەرگرتوەو هەستی بەو درزە کردوەو لەو دەلاقەیەوە جێگای خۆی کردوەتەوەو دێتە ناوەوە.

هەموو خوێندنەوەکان پێمان دەڵێن کەپیلانگێڕیی هەرێمایەتی لەپشتی دۆخی کەرکوک و روداوەکانیەوەیەتی و دەیانەوێت بەهەموو هێزە شۆڤێنی و میلیشیاکانی سەر بەوڵاتانی هەرێمایەتی هەناسەکانی کورد لەم شارەدا سیخناخ بکەن و قەوارەی هەرێم لەباشور بسڕنەوەو خەونی کوردانی خۆرئاوای کوردستانیش لەگۆڕبنێن.

بۆ سەرخستنی ئەم پیلانانەش چەندین وڵات لەسەر هێڵ بوون و کاریان لەسەر نەخشەڕێیەکی مەترسیداری پێشوەخت کردوە،  عێراقی سودانی خواردن و خواردنەوەو شوێنی مانەوە بۆ ( ٢٢) ملیۆن گەشتیاری مەزهەبی دابین دەکات لەئاسیاو ئەفریقاوە تادەگەنە کەربەلا بەڵام مووچەی ملیۆنێک فەرمانبەری هەرێم نانێرێت!!!

لەئێستادا دادگای فیدڕاڵی کراوەتە مقاشێکی گەرم بەدەست دەسەڵاتدارانی مەزهەبی و وەلائیەوەو و باشوری پێ لەقاڵب دەدەن، زیاتر لەساڵێکە پیلانێکی گڵاوو نەگریسی لەمەڕ شاری کەرکوک و ناوچەی دێرەزور لەڕۆژئاوای کوردستان بوونی هەیە.

کۆبوونەوەکانی ئەستانە لە عەجەم و تورک و بەبەشداری روسەکان و لەم دواییەشدا سوریا بەشداربوو لەگەڵیان، لەهەوڵێکی بێ وچاندان بوون کە جارێکی تر کەرکوک بەدەردی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 بەرن و لە رۆژئاواش پشتیوانیان لەگروپە تیرورستەکانی سەر بەتورکیا دەکرد بەناوی عەشایەری ناوچەکەوەو دەیانویست لەکەمترین کاتدا دەست بەسەر دێرەزورو هەموو ئەو ناوچانەدا بگرن کەشەڕڤانان بەخوێنی خۆیان لەتیرۆرستانی داعش و گروپە گرێدراوەکانی تورکیایان پاک کردوەتەوە.

روداوەکانی ئەم چەند هەفتەیەو جێبەجێکردنی حوکمی عورفی لەکەرکوکدا حەرەس قەومی ساڵی 1963ی بیری خەڵکی هێنایەوەو جیاوازیەکی ئەوتۆیان لێ نەدەبینرا،  حوکمی عورفی حەرەس قەومی شیعی هەر لەڕەش بگیرو قەدەغەی هاتووچۆو پشکنینی ماڵانی هەردوو گەڕەکی شۆراو، رەحیم ئاوا لەسەردەمی بەعسیش بەم شێوەیە نەبووە!!!

ئەم روداوانە لاوازی دەسەڵاتدارانی عێراق و جێبەجێ نەکردنی یاسامان بۆ دەردەخەن و دۆخی ئێستای کەرکوک سەپاندنی هێزی میلیشیایی و حەشدی شەعبی و فاشیزمی مەزهەبیە بەسەر دەستورو یاسادا، جگە لەوەی هەوڵێکیشە بۆ سەپاندنی حوکمی عورفی و سەپاندنی هێز لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و یاسا، لەکاتێکدا بەپێی مادەی (٩)ی بڕگەی (ب) لەدەستور دەڵێت (يحظر تكوين میلیشیات عسكرية خارج  اطار القوات المسلحة) بەڵام بەبەرچاوی سەرۆک وەزیرانەوە ئەو هەموو پێشێلکاریە دەکرێت کارێکی ئەوتۆی نەکرد.

جگە لەمەش کورد لەکەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان بەپێی مادەی (١٤٠)ی دەستور تائێستا مافەکانی  بۆ نەگەڕاوەتەوە کەهەوڵێک هەیە بۆ بە لاڕێدابردنی کێشە سەرەکیەکە کەدەیانەوێت ( کێشەی کورد لەمانا سەرەکیەکەی خۆی کە سیاسی و یاساییە دابماڵن و  وەک کێشەی کۆمەڵایەتی ) سەیری بکەن و لەڕێگای دانیشتنی چەند سەرۆک هۆزێکەوەو لەخێمەیەکدا بەبچووکی باسی بکەن.

شیعەکان لەعێراقدا خۆیان لێ گۆڕاوەو دەیانەوێت بەحوکمی تاکڕەویی عێراق بەڕێوە ببەن بیریان چوەتەوە کە لەگەڵ کورد لەیەک سەنگەردابوون و یەک ئامانجی هاوبەشیان هەبوەو کورد هەمیشە پشتیوانی مەزڵومیەتی ئەوانی کردوە بەڵام ئەمان نەک هەر بێوەفان بەڵکو ئەو دژایەتی و ناحەقیەی دەیکەن دەرهەق بەکورد حزبی بەعس بەهەموو تەمەنی نەیکردوە، هەربۆیە کوردیش پێویستە بۆ هاوپەیمانی نوێتر بگەڕێت و بیر لەخۆی بکاتەوە چونکە ئەمان ئێستا حاکمی نیمچە موتڵەقن و چاوی وەفایان داخستوە لەئاستی هەولێری پایتەختدا کە سکیان تیادەخوساندو  رێزیان لێ دەگیرا.

کورد کارتی بەهێزی هێشتا بەدەستەوە ماوەو لەستراتیژی دۆستایەتی و هێڵی هاوکێشەی گەرمدایە لەگەڵ ئەمریکیەکانداو ناکرێت ئیتر کوردیش هەر بەسایدو لۆژیکی قۆناغی بەرهەڵستکاری سەردەمی مەزڵۆمیەتدا بڕوات.

دەرکەوت ئەم هەڵوێست و بۆچوونە هەڵەیەو پێویستە چاوێک بگێڕێتەوە بەم مۆدێلەی شەراکەتی حوکمداریەداو بۆ هاوەڵی راستەقینەی تر بگەڕێت کە دان بەمافەکانیدا بنێت نەک لەبیری قۆرغکاری دەسەڵات و تاکڕەوی حوکمدابێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP