دواین هەواڵ

خۆشەویستى بۆ خاک و نیشتیمانە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

10/06/2024

خاک ونیشتیمان ئەو سەرزەمینە کە مرۆڤەکان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن واتا شەرەف و شکۆى هەر گەل ونەتەوەیەکە کە مرۆڤەکانى نێوی هەموو کات ئامادەن لە پێناویدا سەروگیانیان بکەنە قوربانی لە چەنگ دوژمنان وداگیرکەران وناحەزانى بیپارێزن وڕێگەش نادەین کە هیچ نەیارێک بە ئاڕامى وئاسوودەیی تێیدا بژیت ، بۆیە ئەو خاکەى کە تێیدا پێیوەى سەربڵندین و شکۆمانە جیابوونەوە و دوورکەوتنەوەى ئەستەمە چونکە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت نیشتیمان پاشگۆى بخات و لێى دوور بکەوێتەوە .

خۆشەویتى بۆ خاک و نیشتیمان لە قوڵایی ناخ و دڵ و بیرومێشکى هەر مرۆڤێکەوە سەرچاوە دەگرێت ، رەنگە بە وشە سادە و بچووک بێت بەڵام پانتایی و گەورەیی و هەست و سۆز وئەڤینى تێیدا بێ سنوورە و مرۆڤى بە بێ نیشتیمان هەست بە نامۆیی و بێ کەسى دەکات .هەستى باوەر بوون بە خاک و نیشتیمان خۆڕسکە و لەگەڵ هیچ شتێکى تردا بەراوەرد ناکرێت ئەو نیشتیمانەى کە خۆشمان دەوێت و شوێنى باب و باپیرانمانە کە تێیدا پەروەرد بووین وایکردووە کە لە نێو دڵمان گەورە وجێگر بێت .

بۆیە،بوونى خاک و نیشتمان سەقامگیرى و ئاسوودەییە ، پەناگە وحەوانگەمانە کە لە هەموو زیان بەرکەوتنێک دەمانپارێزێت و بەتایبەت کە لە ئێستادا خاوەن قەوارەیەکین کە ناوى هەرێمى کوردستانە و خاک و نیشتیمانێکى پیرۆزە وڵاتێکە کە هەزاران کەس خوێن وگیانى لە پێناویدا بەختکردووە و ئامادەشە هەموو کاتێک بەرگریی لێبکات و بۆیە ، کاتى ئەوەیە کە هەموومان لە سەر خۆشەویستى بۆ خاک و نیشتیمان رابێین و لە نێو هەموو شوێنەکان باسى ئەو  نیشتیمانە بکەین کە دایکى دووەمە ، چونکە خۆشەویستى بۆ خاکمان ئەرک و بەرپرسیاریەتى هەر تاکێکى ئەم کۆمەڵگەیە بە بێ جیاوازى بیرکردنەوەى سیاسى و ئایینى ،چونکە ئەوانەى کە خاک ونیشتیمانەکەیان خۆش دەوێت بەهێز وئیرادەى پۆڵاینەوە بەرگرى لێدەکەن نەک تەنها بەچەک و خوێن بەڵکو بە چەکى باوەر و ئیرادە کە وەک قەڵایەکى پۆڵاین بەرامبەر هەر هێرش وپەڵاماردانى ناحەزان و دوژمنانى پارێزگارى لێدەکات  وبە خوێن و گیان دەیپارێزێت .

لەلایەکى ترەوە لە بستێک لە خاکى نیشتیمان خۆشەویستى بۆ نیشیمان بوونى نەبێت ، ئەوا ئەو نیشتیمانە پارێزراو نابێت و خاکەکەش بە هى خۆى نازانێت ، ئەو کاتە خیانەتکردن و ناپاکى لە نیشتیمان شوێنى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرى دەگەرێتەوە ، ئەوە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دوژمنانى کوردستان کە لێکترازان و خاک و نیشتیمانەکە پچڕ پچڕ و لەت لەت بکەن و دەبێتە نێچیرێکى ئاسان  و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ سەندنەوەى ئازادى و شکۆمەندى و ژێر دەستکردنى ئەو گەل و نیشتیمانە و کۆیڵەکردنى خەڵکەکەى .

ئەوەى کە ئێستا پێدەڵێن دەوڵەتى عێراق شتێک نییە بەناوى نیشتیمانى کوردستان ، چونکە ئەگەر تۆزقاڵێک پەیوەندى بە ئێمەى گەلى کوردەوە هەبووایە ، ئەوا هەرگیز دەستى بۆ ئەنفاڵکردنى 200 هەزار کورد و کیمیابارانکردن و شەهیدکردنى هەزارانى تر و خنکاندنى نەدەکرد ، زیاتر لە 4500 گوندى وێران نەدەکرد ، هەوڵى زیندەبەچاڵکرد و ڕێشەکێشکردن و ئاوارکردنى و گۆڕینى جوگرافیاکەى نەدەدا ، بەتایبەتى لە 20 ساڵى رابردوو کە دەسەڵاتێک خۆى بە ستەملێکراو دەزانى ، دیسان دڕێژەى بە سیاسەتى چەوساندنەوە و تاکڕەویی و مامەڵەکردن بە ئاگر وئاسن و برسیکردن بە رامبەر بە کوردوکوردستان کردەوە و هەموو بنەماکانى مرۆڤایەتى و پێکەوەژیانى ژێر پێ خست ، هەموو ئەو راستیانە و دەیان تاوان و ستەمکارى تر بەرامبەر بە گەلى کورد و نیشتیمانەکەى پێمان دەڵێت کە ، ئەوەى کە پێوستە خۆشمان بوێت و خۆمانى لە پێناودا بەخت بکەین و بیپارێزین ، تەنها خاک و نیشتیمانى کوردانە ، نەک خاک و جوگرافیاییەک کە هیچ پەیوەندییەکى مێژوووى و جوگرافى و شوناس و کەلتوورى بە کوردوکوردستانەوە نەبووە و نابێت و تەنها لە ئەنجامى بەرژوەندى چەند زڵهێزێک خاکى کوردستان و نەتەوەکەى پێوە لکێنرا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP