دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/08/2023

شوباتى یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە، هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، لەمپەر و ئەگەرەکان

هەرچەندە لە ماوەکانى پێشوودا پلانێک لە ئارادا بوو بۆ ئەوەى هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، بەتایبەتى ئەوانەى کە ترسیان لە پرۆسەکە هەبوەو هێزى ئیقلیمیەکانیش لەبەرژەوەندییان نەبووە، بەڵام دواجار کۆتایی بەو پیلانەش هات و دواى گفتوگۆیەکی چروپڕ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریارە قورسەکەى دا، بەڵام هێشتا بۆمبێکی چێنراو لە ئارادا ماوە ئەویش وادەى تەواوبونى ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراقە لە هەفتەى یەکەمی ساڵی نوێدا، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆهەنگاوە یاساییەکان چین بۆ ئەوەى کۆمیسیۆن بتوانێت لە 25/2/2024 پرۆسەکە بەڕێوە ببات؟ ئایا لایەنە عێراقییەکان دەنگ بەدرێژکردنەوەى وادەى یاسایی کۆمیسیۆن دەدەن؟ یان ئەوەیە ئەوەش دەکەنە کارتێکی فشار بۆئەوەى شکست بە هەڵبژاردنى کوردستان بهێنن؟

لەچەند رۆژی ڕابوردودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە " هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن."

بەڵام هێشتا گومان و دوودڵی لەنێو لایەنەکانی کوردستاندابەرقەرارە و لەگەڵ ئەوەشدا وەک وتەبێژى سەرۆکایەتى هەرێم ڕایگەیاندوە، یەکـێتیش پشتیوانی لە سەرجەم هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکەیش هیچ پێشنازێکیان نەکردووە، بەڵام بەسەرنجدان لە جموجوڵ لایەنەکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەگەینە ئەو بڕوایەى کە هەموان خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردن بەو پێیەى هەموان دەیانەوێت بە لیستى هاوبەش بچنە ناو هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان و لەوێشەوە جۆرێک لە بەرچاوڕونییان بۆ پەیدا دەبێت کە لە ماوەى 3 مانگدا پێشبینى بۆ داهاتوى خۆیان و ئاستى بەدەستهێنانى کورسییەکانیان بکەن.

وەک ئاشکراشە هەفتەى یەکەمی ساڵی 2024  و بە دیاری کراوى لە 7کانونى دووەمدا وادەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت، چاوەڕێش دەکرێت مانگی 12 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆیە ئەگەر وادەکەی درێژ نەکرێتەوە، کۆمیسیۆن ناتوانێت کارەکانی ئەو هەڵبژاردنە تەواو بکات، ئەمەش پێدەچێت بە یاسا ماوەی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێت.

لەبارەی بەسەرچوونی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پێش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتویەتی" راستە لە یاسای کۆمیسیۆندا هاتووە لە 7-1-2024 وادەی تەواو دەبێت و ناکرێت ئەو وادەیە درێژیش بکرێتەوە، بەڵام واقیعیک لە بەردەمدایە، لە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەوەی پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، هەموو کارەکانی راگەیاندن و وردبینی ئەنجامەکان و وەرگرتنی سکاڵا و پەسەندکردنی کۆتایی تەنانەت هی ئەندامێتیی ئەوانەشی دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەمووی لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە، واتە ئەگەر سەیری کات بکەین لەو ماوەیەی هەڵبژاردن دەکرێت، واتە لە 18-12-2023 کە هەڵبژاردن دەکرێت و لە 7-1-2024 کە وادەی کۆمیسیۆن بەسەردەچێت تەنیا 20 رۆژە، بەو ماوەیە پڕۆسەکە تەواو نابێت، خۆیان و پەرلەمانیش ئەوە دەزانن، چونکە بەپێی دەقەکانی یاسا ئەو پڕۆسەیە بەلانی کەمەوە پێویستی بە 90 رۆژ هەیە، واتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆتۆماتیکی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان رێگەی پێداوە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکەن و لە 20-12-2023 تێنەپەڕێت و ئەوانیش 18-12-2023یان دیاریکردووە، بۆیە ناکرێت کۆمیسیۆنێک هەڵبژاردن بکات و بۆ تەواوکردنی کارەکان بڵێن کۆمیسیۆنێکی دیکە تەواوی بکات، بۆیە بەڵێنێک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەو ماوەیە بکات."

پێشوازیکردن لە پرۆسەکەو دیاریکردنى رۆژى هەلبژاردن لە 25شوباتى ساڵی داهاتوو، نوێنەرانى وڵاتانى جیهانیشی هێناوەتە سەرخەت و هەریەکەیان بەشێوەیەک پشتیوانییان لەو دەستپێشخەرییەى سەرۆکی هەرێم کردوە:

خاتوو ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لە بڕیاری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردب کرد و وتی "هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەرانە و لەکاتی خۆیدا بۆ هەموو دیموکراسییەکی ساخلەم پێویستە". 

هاوکات رۆزی کەیف کۆنسوڵی گشتى بەریتانیا لە هەولێر ڕایگەیاندوە، پێشوازی لە راگەیاندنەکەى نێچیرڤان بارزانى دەکەین بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لە 25شوباتى 2024 ، کۆنسوڵخانەى ئەڵمانیا لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانى خۆیان دەربڕیوەو و گوتویانە هانى هەموو لایەنەکان دەدەین کە بەشێوەیەکی بونیادنەرانە بەشداربن و بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگسر مسۆگەر بکەن.

هەروەها کۆنسوڵخانەکانى فەرەنسا و هۆڵەندا لە هەولێر، ئیتاڵیا لە بەغداد، پێشوازییان لە دیاریکردنى وادەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە رۆژی 25شوباتى 2024 کردوەو پەیمانى هاوکاریی کردن و پشتیوانى خۆیان دوپاتکردوەتەوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆئەوەى هەرێم نەکەوێتە بۆشاییەکی یاساییەوە و کۆتایی بە کارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر بێت، لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستان 25 شوباتى ساڵی داهاتوى دیاریکردوە. 

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندوە، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كردوە".

هەروەک پێشبینیش دەکرێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، چونکە لیست و قەوارەی جیاواز  لە پێشوتر خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەمەش گەرموگوڕییەکی زیاتر بەپرۆسەکە دەدات و وادەکات هەم ململانێکان توندتر و گەرمتر ببنەوە و هەمیش بوار بۆ ساختەکاری ناهێڵێتەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP