هەرێم نیوز
دوای ئەوەی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سلێمانیی مانیان گرت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە سەر هێڵ و وتەبێژەکەشی دەڵێت "گرفتەکەیان چارەسەرکراوە".
کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، لە سلێمانی دو کۆمپانیای پاککەرەوە کێشەیان هەبو، ئەویش کێشەکانیان چارەسەرکراوە و ئەمڕۆ دەست بەکار دەکەنەوە.
لەبارەی کێشەکانیانەوە کوردۆ شابان رونیکردەوە: "لە گرێبەستەکانیاندا چەند مەرجێک نوسراوە، گرنگترینیان نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانیان، بەڵام ئەوان نوێیان نەکردوەتەوە و هەر کاریان بە ئامێری کۆن کردوە، بۆیە ئێستا بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، پارەیان بۆ خەرجدەکرێت".
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوەی شاری سلێمانی، مانیان لە کارکردن گرت و رایانگەیاند، تاوەکو پارەی سێ مانگی رابردویان پێنەدرێت دەست بە کارکردن ناکەنەوە.
زانا عیسا، نوێنەری کۆمپانیای شکار کە کاری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە لە سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە "سێ مانگ بەسەر کارکردنماندا تێپەڕبوە، بەڵام تائێستا نە گرێبەستمان واژۆ کراوە و نە پارەشمان پێدراوە".
ئەرکی خاوێنکردنەوەی ناو شاری سلێمانی بە گرێبەست دراوەتە سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەت، رۆژانە بە دو شێفت کار دەکەن، شێفتی یەکەم کاژێر 4:00ی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە و شێفتی دوەم کاژێر 6:00ی ئێوارە تاوەکو 12:00ی شەو.
لە سلێمانی، رۆژانە 1000-1200 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و فڕێدەدرێت.