دواین هەواڵ

کوردستان‌

 01/06/2021

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەكرێتە وەزارەت

هەرێم نیوز

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو وەزارەتێک بێت و پەرلەمانی کوردستانیش یاسایەکی بۆ دەربکات.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند،"یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی بەنیازی بیکەن ئەوەیە فەرمانگە كەیان بکەنە وەزارەت، بەڵام ناوی وەزارەتی دەرەوە نابێت، چونکە بەپێی یاساکان نابێت وەزارەتی لەمجۆرەیان هەبێت، بەڵام ناوێکی دیکەی دەبێت.

وتیشی، هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا پەیوەندیی باشی هەیە، لەنێویاندا وڵاتانی عەرەبی و ئێستا شەش وڵاتی عەرەبی نوێنەرایەتی و کونسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە".

ئەوەشی خستە ڕوو، "لەدوای ساڵی 2003 پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان باشتربووە و ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەیوەندیین لەسەر بنچینەی رێزی بەرامبەر".

تائێستا 41 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە.

لە کۆی ئەو 14 نوێنەرایەتییەی حکومەتی هەرێمی لە دەرەوە هەیەتی، 11یان لە وڵاتانی ئەوروپیین، لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی ئوسترالیا و ئەمریکا و ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP