هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 9 بەنداو لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دروستدەکەن کە هەر پارێزگایەک سێ بەنداوی بەردەکەوێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، 9 بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن و دەشڵێت: "دروستکردنی نۆ بەنداو پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجییە. ئێستا لەو قۆناخەدایە کە کۆمپانیاکان تەندەری داواکاری بۆ وەرگرتنی پرۆژەکان پێشکەش بکەن. لیژنەیەکی تایبەتی ئێمە و لیژنەیەکی وەزارەتی پلاندانان داواکارییەکان هەڵدەسەنگێنن.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 59 کۆمپانیا داواکارییان پێشکەش کردوە و ئامادەن ئەو بەنداوانە دروست بکەن و 30 لەو تەندەرانە وەرگیراون. کۆمپانیاکان بیانییشیان تێدایە، وەکو ئەمریکی و تورکی".
ئاماژەشی بەوەکرد، ئەو نۆ بەنداوە لە مەنداوە، تەقتەق و سارتک لە پارێزگای هەولێر؛ خێوەتە، دەلکە و بەردەسوور لە سلێمانی و؛ شێخان، دێرەلووک و زاخۆ لە دهۆک،دروست دەکرێن.
کەریم سلێمان دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوانە هیچ پارەیەک تەرخان ناکات، ئەو کۆمپانیایانەی کەرتی تایبەت بە پارەی خۆیان دروستیان دەکەن. رێککەوتن دەکرێت کە چۆن دواتر پارەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان ئاشکرای دەکات، "پارە بۆ دروستکردنی 13 بەنداوی دیکە تەرخان کراوە. دروستکردنی ئەو بەنداوانە بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی، باشکردنی ژینگە و زیادکردنی ماسی سوودیان هەیە".