دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/08/2021

سۆلاڤ هەمیشە رۆڵە سەختەكان بەرجەستە دەكات

پشتیوان عەبدوڵلا
سۆلاڤ شەیدا لەدایك بووی گەرەكی دارۆغای شاری سلێمانی ژنێك پڕ لەعیشق بۆ هونەر ئەو لەتەمەنی منداڵیدا ده ست به کاری هونه ری ده کات ئیتر ئارەزووی كاركردنی لەبواری هونەر وادەكات ئەو لەلایەك وەك ئەكتەرو لەلایەكیش وەك دەرهێنەر بەردەوامی بەكاركردن بدات لەبواری هونەری سینەما و دراماو شانۆ، وەك دەرهێنەرو سیناریست خاوەنی دوو كورتە فیلمە بەناوەكانی ( داو ) ( فرمێسك بۆ تارا ) كەوەك ئەكتەریش رۆڵی تیایاندا بینیوەو لەچەندین فیلمی سینەمایی و دراما رۆڵی بینیوە لەوانەش ( ژانی گەل دەرهێنانی جەمیل رۆستەمی ) و ( كەواتە چاوەرێ‌ بە دەرهێنانی جوان بامەڕنی ) و ( گەرەكی داهۆڵەكان دەرهێنانی حەسەن عەلی ) و ( فیلمی سێگۆشەی مەرگ دەرهێنانی عەدنان عوسمان ) و فلمى (تاقي كردنه وه .ده رهێنانی شوکت امین ) ( گورتە فیلمی سۆما دەرهێنانی مەریوان ئیبراهیم ) و ( كورتە فیلمی دەنگدان دەرهێنانی كەریم حەمە غەریب ) ( كورتە فیلمی مایكرۆفۆن دەرهێنانی كەریمۆك ) ( كورتە فیلمی مارە بەجاش دەرهێنانی دیاكۆ جەواهیری و سیناریۆی سۆلاڤ شەیدا) هەروەها ئەو درامایانەی رۆڵی تیادا بینیوە بریتین لە ( ژیلەمۆ دەرهێنانی بەكر رەشید ) ( دووپشك دەرهێنانی میهران شیری ) ( فرمێسك دەرهێنانی سەڵاح حەسەن ) ( لەگوڵێك كاڵتر دەرهێنانی بەهزاد ئەمینی موختار ) (براوەو دۆراوەكان دەرهێنانی كەریمۆك ) ( ژوانێك بۆ خۆشەویستی دەرهێنانی بەهزادی ئەمینی موختار ) (چپەی رابردوو دەرهێنانی محەمەد گمرو درامای ..به خته باران ده رهینانی دکتور نیاز لطيف )

سۆلاڤ وەك خۆی دەڵێت:" هەمیشە حەزی بەكاركردنە لەكارە سەختەكان ئەو كارانەی كەكەس ناتوانێت كاری تیادابكات و زۆربەی رۆڵەكانیش كەبینیومن سەخت بوون چونكە پێم خۆشە هەمیشە رۆڵی سەخت هەڵبژێرم رۆلێك كەتازەگەری و جورئەتی تیابێت".  ئەو هەموو ئەو رۆڵانەی خۆش دەوێت كەبەرجەستەی كردووە، بەڵام باس لەوەش دەكات كەزیاتر سەرسامە بەبینینی رۆڵی ژنە چایچیەكە لەفیلمی ژانی گەل لەدەرهێنانی جەمیلی رۆستەمی.

لەو كارانەی خۆی وەك دەرهێنەر كاری كردووە پێی وایە كورتە فیلمی فرمێسك بۆ تارا زۆر قورس بووە كاركردن تیایدا ئەو دەڵێت "" چیرۆكی فیلمەكە باس لەمرۆڤێكی نێرەمووك دەكات وەبەبەراورد بەكارەكانی ترم بۆ من كەمێ: سەختتر بوو چونكە خۆشم رۆڵی ئەو كەسایەتیەم بینی وەپێویست ئیشارەت بەحاڵەتی نێرەمووكیەكە بدەم لەناو فیلمەكە وەئەمەش بۆ من وەك ژنێك وەك تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە بینینی ئەو رۆڵە سەخت بوو ".

سۆلاڤ شەیدا سەبارەت بەرۆڵی ژنان لەبواری هونەری دەڵێت :" تەنیا هاتنی ژنان بۆ نێو بواری هونەری قورسە لەم كۆمەڵگەیەدا بەڵام پێویستە ژنان ئەو بەرەبەستانە تێك بشكێنین وەنەهێڵین هیچ هۆكارێك هەبێت بۆ وەستاندنی ژنان و پێویستە ئازایانە لەمەیدانەكەدا بین و هیوادارم رۆژێك بێت هیچ پاساوێك نەبێت بۆ بەشداری نەكردنی ژنان لەبواری هونەری بەتایبەتیش سینەما".
ئەو لەرێگەی فیلمەكانی بەشداری لەچەندین فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كردووەو خاوەنی چەند خەڵاتێكیشە خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ كورتە فیلمی فرمێسك بۆ تارا لەفێستیڤاڵی نابۆ توندوتیژی و خەڵاتی لاوی ساڵ لەلایەن سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و خەڵاتی رێزلێنانی بابیلۆن لەفێستیڤاڵی نابۆ توندوتیژی و خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاو بۆ دیاکۆ جواهیری له فیستڤالی فلمی زنان له سلێمانی بۆ کورته فلمی داو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP