دواین هەواڵ

کوردستان‌

 02/02/2023

بەمزوانە شاندێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەمەبەستی بەردوامیدان بە گفتگۆکان.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوابوونی گفتوگۆکان، بابەتی مووچەی فەرمانبەران و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ بەیاسایی ناساندنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل ڕایگەیاند، خودی پێكھاتەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و بڕیارەکەشی جێگای قبوڵکردن نییە و پێویستە دادگا لە ململانێ سیاسییەکاندا بێلایەن بێت.

ئەوەشى خستەڕو، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت.

لەبارەی وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی یەك، رایگەیاند، هەركات وەزارەتی دارایی داهاتی بۆ موچە دابینكرد، وەک مانگەکانی پێشو موچە دابەشدەکرێت و بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی موچە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، ئێمە وەكو حكومەت پێشتریش توانیومانە بەردەوامی بە دابەشكردنی موچە بدەین بەبێ 200 ملیارەكەی بەغدا، ئەوە 14 مانگە حكومەتی عێراق تەنها دو جار 200 ملیارەكەی ناردوە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە دابەشكردنی موچە.

هەروەها لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل روونیکردەوە، تا دوێنێ زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و ئەو دوو ملیۆن لیترەی لە بەغداوە هاتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکات، گوتیشی: هەندێک دامودەزگای خێرخوازیش هەیە کە هەوڵ دەدەن دەستپێشخەری بکەن، بەڵام ئەمە بە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە نییە

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP