دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 03/05/2023

تێگەیشتن لە خود لەنێوان دەروونزانی و گەشەپێدانی مرۆیی

نوێنەر یاسین

یەكێك لە ناکۆکیەکانی نێوان سایکۆلۆژیا و گەشەپێدانی مرۆیی بریتیە لە جیاوازی لە تێگەیشتن لە خود، یا چەمکی خود (مفهوم الذات - self-concept). دەروونزانەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا پێویستە تاک تێگەیشتنێکی واقیعی بۆ خودی خۆی هەبێ، خۆی بناسێ و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی خۆی بدۆزێتەوەو قبوڵیان بکات. چونکە هەر وەك ڕۆجەرز پێمان دەڵێ تاك هەوڵدەدا بەپێی تێگەیشتنی لە خودی خۆی ڕەفتار بکات، بۆنمونە کاتێ وا خۆی دەبینێ قوتابیەکی زیرەکەو لە هەموو وانەکان زۆر باشە، هەوڵدەدات بەو شێوەیە بێ و لە هەموو وانەکان بەرزترتن نمرە بهێنێ، بەڵام گەر لە واقیعدا وانەبێ و لە بەشێ لە وانەکان لاوازبێ لێرەدا نەگونجان (Incongruence) دروست دەبێ لەنێوان چەمکی خود و ڕەفتارەکانی، واتە بە پێچەوانەی چەمکی خود ڕەفتار دەکات و ئەمەش دەبێتەهۆی شڵەژانی دەروونی.

بۆیە دەروونزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێوستە ئامانجەکانی تاك گونجاو بێ لەگەڵ تواناکانی، بە دەربڕینە ڕۆجەرزییەکەی خودی واقیعی (تواناکانی) و خودی نمونەیی (ئەوەی کە حەز دەکات پێی بگات) لێك نزیك بن، ئامانجێك بۆخۆی دانەنێ کە لەگەڵ توانا عەقڵی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی نەگونجاون، ئەگەرنا توشی ناکامی دەبێ و لە ئەنجامدا دروستی دەروونی لەدەست دەدات.

بەڵام برادەرانمان لە گەشەپێدەرانی مرۆیی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا مرۆڤ توانایەکی بێ سنوری هەیە و دەتوانێ بەهۆی بەکارهێنانی ئەو توانایانەی بە هەموو ئامانجەکانی بگات، پێیان وایە گەر کەسێ بتوانێ شتێ بکات کەسانی تریش دەتوانن ئەنجامی بدەن. وای دەبینن گەر تۆ چوی بۆ چێشتخانەیەك و وەك شاگرد کارت کرد دەتوانی لە داهاتوو ببیتە خاوەنی چێشتخانەیەکی لەم شێوەیە. ئەوەی جێگای سەرنجیشە ئەوەیە برایانمان نموونەکانیان زۆر کەمەو ناتوانرێ بگشتێنرێ، واتە نکوڵی لەوە ناکەین کە چەند کەسێ هەبوونە کە شاگرد بونە دواتر بوونەتە خاوەن چێشتخانەی گەورە، بەڵام ئەوانەی شاگرد بوونەو هەر بە شاگردێتی ماونەتەوە زۆر زۆر زیاترن، بێگومان ئەوەش پەیوەندی بە جیاوازی تاکێتی و خودی واقیعی مرۆڤەوە هەیە.

کەواتە ئەم تێگەیەی کە دەڵێ تۆ پاڵەوانێکی بێ وێنەی و دەتوانی ببیتە هەرشتێ کە دەتەوێ،تێگەیشتنێکی خودی ناواقیعی لای تاك دروست دەکات کە کەسەکە بەجۆرێ خۆی ببینێ کە لەواقعدا وانیە و ئەمەش دەبێتەهۆی دانانی ئامانجی ناواقیعی و دواتر شکستهێنان لە گەیشتن بە ئامانجەکان و زنجیرەیەك شکستیش دەبێتەهۆی شلەژانی دەروونی. بۆیە برایانمان کاتێ قسە بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدە دەکەن و بەحەماسەتەوە پێیان دەڵێن هەمووتان دەتوانن بگەنە ئەو کۆلێژەی دەتانەوێ، بیرلەوە ناکەنەوە لە کۆتایی ساڵ بە هەزاران قوتابی نەیانتوانی بگەنە ئەو کۆلێژەی کە دەیانویست سەرەڕای هەوڵدانێکی زۆر هەر شکستیان هێنا و بەوپەڕی ناکامی چونە کۆلێژێکی تر کە ڕقیان لێیە، کەچی بۆ ساڵی داهاتوش بێ شەرمانە هەمان قسە دەکەنەوە و ئەو قوتابیانەش بە نموونە دەهێننەوە کە ساڵی پار توانیان بگەنە کۆلێژی دڵخوازی خۆیان، کەچی بیر لەو هەزاران کەسەی تر ناکەنەوەو لەوانەیە بە خەمسارد و ئیهمالیش تۆمەتباریان بکەن.

بۆ تێگەیشتن لە تیۆریەکەی ڕۆجەرز لەسەر چەمکی خود بنواڕە ئەم سەرچاوانە

1- Burger (2011). Personality. 8 th, P 279.
2- Lahey (2012). Psychology : an introduction —11th ed.P.
3- Schubert & Schubert (2017). Theories of personality. 11th edition, p. 271






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP