دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/05/2023

شیکاری ئەڵقەی کۆتایی درامای پێستی شێر

بەشی دووەم
نوسینی:دێرین

یەکەم:
فیلمنامە

فیلم نامەکە لە ڕوی بونیادنانی درامییەوە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک باش بونیاد نرابوو، لە ئەڵقەی کۆتایدا لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی کە لەبەشی یەکەمدا باسمانکرد. بەڵام بوونی ئەو هەموو کێشە گەورە و ململانێیەی کە بە درێژایی دراماکە ڕەنگڕێژ کرابوو وە پیشاندرا هێز و تێڕوانینێکی زۆری دەویست بە تایبەت لە ڕوی سینارێۆ و دەرهێنانەوە کە لە نێو کۆتا ئەڵقەی دراماکە جێگە بگرێتەوە و قەناعەت بە بینەرانی بکات. بۆ ئەمەش نوسەر/ دەرهێنەر بەتەواوی هەوڵی دابوو لە ڕێگەی دیالۆگی فیلمنامەکەوە بە شێک لە خەیاڵ و بیری بینەر داگیر بکات و بیانکاتە نێو هەیەجانێکی هەستی بە تایبەت لە هەریەک لە دیمەنەکانی (نعیم و لەیلا) لە نێو زیندان(نەعیم و پەروانە) لەنێو زیندان) وە (پەروانە و سەدرا) لە بەرزییەک کە بەسەر تاراندا دەڕوانێت، دیداری ( موشکات و نەعیم) دوبارە لە نێو زیندان.

کۆی دیالۆگەکان بە شێوەیەکی تەواو هەستی نوسراون، بە جۆرێک کە زۆرینەی بینەر حەزی پێدەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییانەوە، ئایدیای هەموشی دەربارەی وەفاداری و خۆشەویستی و قوربانیدانە لە پێناو یەکتریدا!

ئەم دیالۆگانە تەواو زیادن هیچ گۆڕانکاری و هێزێک لەلایەنی بەرەو پێشچوونی درامی زنجیرەکە نابەخشن، تەنانەت شتێکی زیاد کە زانیاری بە بینەران یان کارەکتەرەکان ببەخشێت لە نێویاندا نییە.
ئەوەی گوێمان لێی دەبێت لە قوربانی دانی پەروانە و متمانەی نەعیم پێی، هەتا دڵشکانی سەدرا لە شار و قەرەباڵغی و بە جێ هێشتنی دایک و ماڵەوەیان، هەتا گەڕانەوەی لەیلا بۆلای نەعیم و گۆڕانی هەست و تێڕوانینی پێشتری بۆی، بە چەندین شێوەی تر هەموو ئەمانەمان لە نێو ئەڵقەکانی ڕابوردودا بینیوە، ئیتر بۆ جارێکی تر بەم جۆرە بە دیالۆگی عاتفی و جەغتێکی زۆرەوە پیشانمان دەدرێتەوە نازانم بۆ؟!

دوو: دیمەن

دەستپێکی ئەڵقەی کۆتایی وەک فەزاو و وەک ڕیتم زۆر باش و سەرنج ڕاکێشە، ڕیتم تەواو سروشتییە دوو هاوڕێ وەک کۆتا دیدار پێکەوە دەدوێن نعیم و پەروانە، کامێرا لە دواوە بۆ پێشەوە دێت کەشی زیندان کەمان پێ نیشاندەدات. عەدەسەی کامێراش بەجۆرێک دانراوە کە وەک ئەوەیە دووکارەکتەرەکە لە نێو ڕێڕەوێکی باریکدادانیشتبێتن، وەک گوزارشتێک لە دۆخی سایکۆلۆژی و سترێسی کارەکتەری نەعیم. بە ئامێز و باوەشی هەردوو کارەکتەر کۆتای دێت و تایتڵی سەرەتا دەست پێدەکات.

ڕاستەوخۆ دیمەنی گواستنەوەی نەعیم بۆ زیندانێکی تر ئیپزۆدەکە دەستپێدەکات. ئیتر بێ ئەوەی کە هیچ زیادەڕەویەک لە پیشاندان و هەوڵی ڕەزا ببینین کە بۆ نەعیم دەیدات.

دیمەنی دواتر ڕۆشتنی نەعیمە لە نێو زینداندا، شێوازی ڕۆشتن و پێدانی ئیفێکتی سلۆمۆشن بۆ چەند چرکەیەک هێزێکی تایبەت بە کارەکتەرەکە دەبەخشێت لە هەمان کاتدا وەک ئەوەی کە شوێنەکە خۆی بەڕێوەی ببات بە ڕێگادا دەڕوات و کەلەپچەی لە دەستە.

سێ کارەکتەر:

ئەوەی جێی سەرنجە لەم درامایەدا بۆ من کارەکتەری «ڕەسولە» ئەڵبەت لەگەڵ ئەوەی پێموایە بەباشی لەلایەن ئەکتەرەوە کارەکتەرەکە بەرجەستە کراوە، بەڵام تێناگەم ئەم کارەکتەرە بۆ بە درێژای دراماکە نێوچاوی بەیەکدا داوە و بەردەوام توڕەیە و بەردەوام جدییە و بەردەوام مۆنە و بەردەوامیش سەرکەوتوو نییە لەو ئەرکانەی پێی دەسپێرن.

تەنانەت لە کۆتا دیمەن لە ئەڵقەی کۆتایی کە دەردەکەوێت دووبارە لە هەمان دۆخی خۆیدایە و لە ژوری موشکاتە و کەچی هەر دەستەوەستان و عەبوس و توڕە دانیشتووە.
کە ئەم دیمەنە دەکرا هەر بونی نەبوایە و تەواو زیادەبوو.

یەکێک لە باشییەکانی ئەڵقەی کۆتایی ئەوەیە کە دەرهێنەر هەوڵیداوە کەمترین کارەکتەر پیشان بدات و قەرەباڵغی دروست نەکات.

بە درێژایی ئەڵقەی کۆتایی دوو دیمەن زیاد بوون نە لە ڕوی درامی توانییان هیچ بەرەو پێش چۆنێک دروستبکەن نە لەڕوی ماناییەوە. ئەوانیش یەکەمیان وەک باسمکرد دیمەنی رەسوڵ بوو.
دووەمیشیان دیمەنی موشکات لە نێو سەیارەکەی کە دەیەوێت بڕوات بۆ زیندان بۆلای نەعیم و هەواڵی دەستکەوتنی بەڵگەی تاوانباری مەنسووری پێبدات.

لەکاتێکدا موشکات نازانێت لە زینداندا چی ڕودەدات ئەو خێرا لێخوڕینەو ئە شێوازی پیشاندان و ڕیتمە خێرا هیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە نە لەمانادا نە لە درامادا«ئەکشن»
تەنها دەرهێنەر بۆ هێنانی هەیەجان و هەڵچوونی دۆخی بینەر هێنا بووی لە شێوەی تێک هەڵگێش لەگەڵ دیداری مەنسور و نەعیمدا تێکەڵی کردووە.

سێیەم: کەش

گرنگترین خاڵ لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی باسمانکرد، ئەوەی بۆمن سەرنج ڕاکێش بوو لە نێو ئیپزۆدی کۆتایدا کەشی تەواوی ئیپزۆدەکەیە کە پێچەوانەی چاوەڕوانی بینەرانەوە کە بۆ ئەڵقەی کۆتایی هەیان بوو، ئەڵقەکە بە ڕیتمێکی زۆر نۆرماڵ دەست پێدەکات، هیچ پەلەیەک بۆ بەزۆر دروستکردنی ڕوداو نییە، تەنانەت پێچەوانەی هەموو ئەڵقەکانی تر دەرهێنەر هیچ هەوڵێک بۆ دروستکردنی شک و گومان لەلای بینەر نادات، هەموو دیمەنەکان بە جۆرێک داڕێژراون کە لە خزمەت ساتی گەیشتنی دیداری نەعیم بە مەنسور بێت.

دیمەن و کەسەکان بە جۆرێک ئارام و لەسەر خۆن کە بینەر توشی دڵەڕاوکێ دەبێت کە بۆچی هیچ ڕونادات، ئەم ئارامییە لە باوەشکردنی لەیلا بە کچێکی هاو تەمەنی کچە لە دەست چووەکەیدا لەسەر شەقامێکی گشتی دەگاتە لوتکە.

دیمەنی کۆتایی:
شوێن نێو زیندان/ حەمامی زیندانەکە.

بابەت/ تۆڵە کردنەوەی نەعیم لە مەنسور و تۆڵە کردنەوەی مەنسور لە نەعیم
کارەکتەرەکان/ نەعیم و مەنسور

کەشێکی تەواو هێمن دۆخێک تەواو قەناعەت پێهێنەرە کە تێیدا مەنسور باس لە هەموو ئەو دۆخە دەکات خۆی پێیدا تێپەڕیوە و بەوەی کە بۆچی ویستوێتی تۆڵە بکاتەوەو نەعیمیش بخاتە چی دۆخێکەوە.

لەم دیمەنەدا نەعیم کەمترین کات دەدوێت تەرکیز بەتەواوی لە ڕێی کامێرەوە لەسەر چاوەکانێتی بۆ پیشاندانی هەموو ئەو ڕقەی کە لەخۆیدا هەڵیگرتووە.
مەنسور بە نواندن و ئەدایەکی زۆر کاریگەر خەریکی گوزارشتکردنە لەخۆی.

دیمەنەکە دابەشی دوو بەش دەبێت:

بەشی یەکەم هێرشی مەنسور بۆ سەر نەعیم و بریندار کردن و مەسخەرە پێکردنێتی، بەشی دووەم هێرشی پێچەوانەی نەعیمە بۆ مەنسور کە تەواو دۆخی دیمەنەکە و پلۆت دەباتە لوتکە.
نەعیم وەک ئەوەی بیری لێ کردووەتەوە پلانی بۆ داناوە دەچێتە سەر جەستەی مەنسور و بەدەستەکانی دەیخنکێنێت، لێرە هەموو دیمەنەکە، هەموو دراماکە دێتە نێو چاوی نەعیم لە ڕێگەی گۆشەی چاوی کامێراوە بۆ سەر ڕوخساری نەعیم لە خوارەوە بۆ سەرەوە و ئەو خوێنەی بە ڕوخساری دا دێتەخوارەوە دەست و قاچ ڕاوەشاندنی مەنسور زۆر نزیکە لە دیمەنی هەوڵدان بۆ خنکاندنی ساحیل لەلایەن مەنسورەوە.

ئەمە بێجگە لەوەی بە درێژایی دیمەنەکە مەنسور زیاتر لە جۆکەر دەچێت ساتەوەختەکانی جۆکەر لە ژێستەکانی بەکاردێنێتەوە ئەمەش ڕەنگە لاوازترین بەشی دیمەنەکە بێت وە هێنانە خوارەوەی هێزی کارەکتەرەکە بێت. وە ئەوەی زیاتر ئەم دیمەنە و دۆخی نێو دیمەنەکە زیاتر خراپ دەکات ساتی باوەشکردنەوەی نەعیمە و هێنانی ڕاکردنی منداڵی ساحیلە کە تەواو ساتەوەختێکی کڵێشەیی لاوازە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP