دواین هەواڵ

وەرزش‌

 20/05/2023

کاروانی یارییەکانی مۆندیالی لاوان دەستپێ دەکات

هەرێم نیوز

پاڵەوانێتیەکە بە درێژایی مێژوو چەندین ئەستێرەی گەورەی بەرهەم هێناوە، دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە دەست پێدەکات جامی جیهانی لاوان (خوار ٢٠ ساڵ) ئەمڕۆ ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٣ دەستپێدەکات، کە ئەرجەنتین میوانداری دەکات و تا ١١ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

جامی جیهانی لاوان پاڵەوانێتیەکی دوو ساڵە جارێکە و لە ٢٤ هەڵبژاردە پێکهاتووە و دواجاریش لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڕێوەچوونی ئەم پاڵەوانێتییە لە ساڵی 2021 بە گشتی هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە ماوەی نێوان ئەنجامدانی جامی جیهانی لاوان و جامی جیهانی بگاتە چوار ساڵ.

سەرەتا بڕیار بوو مۆندیالی لاوان لەلایەن وڵاتی موسڵمانانی ئەندەنوسیا میوانداری بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئەندەنوسیا دوای بەشداریکردنی ئیسرائیل لەم پاڵەوانێتییەدا، فیفا مۆندیالەکەی لە ئەندەنوسیا کشاندەوە و بەڕێوەبرنەکەی بەخشییە وڵاتی ئەرجەنتین کە تاکە کاندیدی فەرمی بوو بۆ میوانداریکردن پاڵەوانێتییەکە.

هاوکات لەگەڵ ئوسترالیا، ئەرجەنتین تاکە وڵاتە کە بۆ جاری دووەم میوانداری جامی جیهانی لاوان دەکات. لە چاپی ڕابردوودا ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا بە بردنەوەی لە کۆریای باشوور لە یاری کۆتاییدا.

هەروەها ئیکوادۆر بە سەرکەوتنی بەرامبەر ئیتاڵیا گەیشتە پلەی سێیەم. وەرزی ڕابردوو ئەستێرەی کۆریای باشوور لی کانگ ئین کە ئێستا یاریزانی یانەی مایۆرکای ئیسپانیە، وەک بەنرخترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا، ئێرلینگ هالەند سەرەڕای ئەوەی نەرویج لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا دەرچوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا بوو بە گۆڵکاری جامی جیهانی لاوان ئەندری لونین گۆڵپارێزی یانەی ڕیال مەدرید بە باشترین گۆڵپارێزی چاپی ڕابردوو دەستنیشانکرا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP