هەرێم نیوز
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی ئیسپانیا نهێنییەکی نوێ سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید ئاشکرا دەکات، و ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەکانی ئەو یاریزانە بۆ هاوینی ئەمساڵ دەگەڕێنەوە و ئەگەری هەیە لە یارییەکانی داهاتوودا بخرێتە سەر کورسیی یەدەگ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، ڕادیۆی (کادینا سێر)ـی ئیسپانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە کێشەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ ڕیال مەدرید بۆ هاوینی ڕابردوو دەگەڕێنەوە، و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی هیچ گۆڕانکارییەکی لە دۆخی یاریزانەکەدا دروست نەکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە دوای شکستی یانەکە لە یاریی دێربیی مەدرید بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، کارلۆ ئەنچیلۆتیی ڕاهێنەر هەوڵ دەدات لە ماوەی سێ هەفتەی وەستانی یارییەکان بەهۆی (فیفا دەی)ـەوە، چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە تیپەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا زۆرینەی یاریزانان پێیان وابووە کە ڤینیسیۆس لە هاویندا یانەکە جێدەهێڵێت، بەتایبەتی کە دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەباشی بەڕێوە نەدەچوون و یانەکانی ئینگلتەرا دەیانویست بیکەنە ڕووخساری پرێمەرلیگ شانبەشانی ئێرلینگ هالاند.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یاریزانەکانی ڕیال مەدرید هەست دەکەن ڤینیسیۆس مێشکی لە یانەکەدا نەماوە، و لە ئێستاشدا هاندەران وەک پێشووتر ئەو یاریزانەیان خۆش ناوێت، بەو پێیەی لە سەرەتای وەرزەوە ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە و ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری میدیاکان بووەتەوە.
لە دوای شکستەکەی دێربی، دەنگێکی زۆر لەناو میدیای ئیسپانیادا داوای دانیشتنی ڤینیسیۆس لەسەر کورسیی یەدەگ دەکەن.
ڕادیۆی ناوبراو پێشبینی دەکات دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکان، ڕاهێنەری یانەکە لە چوارچێوەی پلانی چاکسازییەکانیدا ئەو بڕیارە بدات، بۆ ئەوەی تیپەکە لەو قەیرانە ڕزگار بکات کە تێی کەوتووە، بەتایبەتی کە ڕیال مەدرید لە دوای (فیفا دەی) زنجیرەیەک یاریی قورس و چارەنووسساز چاوەڕێی دەکات.