دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی یەکخستنی پێشمەرگەدا: ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی پەیکەری وەزارەت نامێنێتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "لە سەر دەستی سەرۆک بارزانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کرد."

گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا پێکەوەین بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییی هەنگاوی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەستبەکاربوونی فەرماندەییی یەک و دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەم هەنگاوە گرنگە، ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی پەیکەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا نامێنێتەوە."

شۆڕشی چاکسازی و وەرچەرخانی مێژوویی
ڕاشیگەیاند، "بەردەوامیی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ کاتێک لە سەر دەستی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێشمەرگە لەژێر فەرماندەییی جەنابیان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند، وەکو چۆن پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ هەر بە فەرمانی جەنابیان، پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تاوەکو بەرگریی لێ بکەن و لاپەڕەیەکی گەشیان لە مێژووی گەلی کوردستان بۆ بەرگیرکردن تۆمار کرد."

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمە بۆنەیەکە گەلی کوردستان ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی دەکات و ساڵانێکی زۆرە لەپێناو کۆکردنەوەی هەموو لایەکمان کارمان کردووە. ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەک لە پەیکەر و ڕێکخستندا یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.

یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندە
ئەوەشی خستە ڕوو، ساڵانی ڕابردوو بەردەوام گووتوومانە، کوردستان پێویستیی بە یەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندەیە. گووتوومانە دەبێ پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستێوەردان و ناکۆکیی حزبی بێت. ئەمڕۆش هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەنێین.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، کاتێک مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بوو، جیاوازی لە نێوان پێشمەرگەیەک و پێشمەرگەیەکی تر، ناوچەیەک و ناوچەیەکی تر نەبوو. لە سەختترین کاتەکاندا پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا وەستان، پێکەوە قوربانییان دا و خوێنیان لەپێناو پاراستنی یەک خاک، یەک گەل، تێکەڵاو بوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتیشی: "ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا پێشمەرگەی یەکخست، ئەمڕۆ پێویستە لە دامەزراوە و فەرماندەیی و بڕیاریشدا یەکیان بخات. پێشمەرگە خاوەن مێژوویەکی پرشنگدارە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە ئەم مێژووە و سەرجەم ئەم قوربانیدانانە لە ناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆ دەکەینەوە. مێژوویەک کە چەندین نەوەی پێشمەرگە دروستیان کردووە، دەیەکەینە هێزێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان. باشترین وەفاداریش بۆ شەهیدانمان ئەوەیە کە قوربانیدانی ئەوان بکەینە بنەمای پێکەوەیی و یەکڕیزیی ناوخۆمان."

سەرەتای قۆناغێکی نوێ و سەختتر
باسی لەوەش کرد، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتاییی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکوو دەستپێکێکی قۆناغێکی نوێیە کە ڕەنگە سەختتریش بێت. لەمڕۆ بەدواوە پێویستە ئەم یەکڕیزییە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ بداتەوە؛ لە فەرماندەیی و سەرکردایەتیدا، لە بڕیار و فەرماندا، لە مەشق و ڕێکخستندا، لە ماف و ئەرکدا، لە پلەبەرزکردنەوە و لە بڕوای سەربازی و دیسپلیندا. پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP