دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی لە مەراسیمی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا: ئەمرۆ ڕۆژێکی مێژووییە و هەنگاوی یەکەمی پرۆسەیەکی دوورودرێژمان بڕی

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند: "ئەمە قۆناغی نوێی گەشەکردنی پێشمەرگەیە، قۆناغەکانی تر پێویستی بە دیسپلینی سەربازی و چەکی پێشکەوتوو و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە."

سەرۆک وەزیران گوتیشی: "توانیمان لەژێر ڕێننمایی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاریی هاوپەیمانان یەکخستنی هێزی پێشمەرگە ڕابگەیەنین. لە کارنامەی کابینەی نۆدا بەڵێنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەمان دا، پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم. دەبێت پێشمەرگە هاوشێوەی سوپای عێراق مافی هەبێت و زۆر گرنگە لە داهاتوودا پڕچەک بێت."

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
"ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. ڕۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خۆم کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بەڵێنمان دا بە هەموو توانای خۆمانەوە کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین.
بۆیە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لەژێر ڕێننمایی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە هاوکاری و پشتیوانیی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردنی چڕ و کاری بێوەستان، توانیمان بگەینە ئەم قۆناغەی ئێستا کە ئەمڕۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕابگەیەنین. لە چوارچێوەی لێکگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی چوار ساڵدا بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشت.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگ و پشتیوانیی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە هەمیشە وەک ڕێبەرێکی نیشتمانی و سەرۆکێکی پێشمەرگە، هەموو ژیانی خۆی لە خەم و خزمەتکردنی پێشمەرگە و کوردستاندا بەسەر بردووە و کاری بەردەوامی کردووە تاوەکو ناو و شکۆی پێشمەرگە بەرز و پارێزراو بێت و لە نێزیکیشەوە سەرپەرشتیی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی کردووە. هەروەها سوپاسێکی تایبەتی پشتیوانیی بەردەوامی برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنی چاکسازییەکاندا هەبوو.

سوپاسی بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە هاوئاهەنگ و هاریکار بوو لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بەئەنجامگەیاندنی.
هەروەها سوپاس و پێزانینێکی زۆر بۆ دۆستانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییان لە ساڵانی ڕابردوودا، کە بێگومان پشتیوانیی ئەوان ڕۆڵێکی کارای لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن پێشمەرگە و سەرئەنجام پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا هەبووە.

سوپاس بۆ بەڕێزان کاک شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، کاک عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت، کاک عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و هەموو بەرپرس و پلەدارانی وەزارەت و فەرماندەکانی پێشمەرگە و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ ماندووبوون و هەوڵ و کۆششیان بۆ سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. دەستخۆشییان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

بەڕێزان؛
ئەم یەکگرتنەوەیە، قۆناغ و هەنگاوی یەکەمی پرۆسەیەکی دوورودرێژە؛ چونکە ئەم یەکگرتنەوەیە چەند گرنگە، بەڵام قۆناغی داهاتوو زۆر گرنگترە کە ئەویش بریتییە لە قۆناغی پەرەپێدانی تواناسازی و پێشخستنی هەمەلایەنەی پێشمەرگە، بەتایبەتی توانا مرۆییەکان و برەودان بە ئاست و جۆری مەشقی جەستەیی و هۆشیاریی پێشمەرگە بەپێی پێوەر و ستانداردە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی نیشتمانیی پیشەیی و ڕێکخراو و یەکگرتوو، لە ئاستی ئەرک و بەرپرسایەتییە گرنگ و نیشتمانییەکەیدا بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکداری سەربازی نییە، بەڵکوو سیمبولی خەبات و قوربانیدان و ناسنامەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و مایەی شکۆ و شانازیی هەموو کوردستانییەک بە گشتییە. ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە، تێکشکاندنی تیرۆریستان و داکۆکیکردن لە بەها بەرزەکانی ئازادی و دیموکراتی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، شانازی و سەروەرییەکی گەورەی بە هێزی پێشمەرگە بەخشیوە.

لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و هیوای تەندروستی و سەربەرزی و پێشکەوتنی بەردەوامیش بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەخوازم. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدەکانمان دادەنوێنین و ڕێز و پێزانینمان بۆ قوربانیدانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی پێشمەرگە بریندار و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پێشمەرگە خانەنشینەکان هەیە. خودای مەزن پێشمەرگە و کوردستان لە هەموو شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشییەک بپارێزێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوون لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم؛ هیوادارم تەمەندرێژ، تەندروست و سەرکەوتوو بێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP