هەرێم نیوز
ئاژانسێكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان پەیوەستە بە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاوە و دەشڵێت، ھۆکارە سەرەکییەکە خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
ئاژانسی سی ئێن بی سی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویكردەوە، بەھۆی خەمساردی حکومەتی تورکیاوە دەستیپێنەکردووە و خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەش کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ھۆکارێکی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە.
سی ئێن بی سی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بیانووەکەی تورکیا کە بریتییە لە پشکنینی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت نەک بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردوو زیانی بەرکەوتبێت، بیانوویەکی زۆر لاوازە، بەڵکو راستییەکەی ئەوەیە ئەنجامی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا وادەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە دیاری دەکات و ھۆکارە سەرەکییەکەش خودی رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان کە لە ٢٥ ئاداری ئەمساڵەوە ڕاگیراوە و پێشتر حكومەتی هەرێم ڕۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد.