دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 02/08/2023

هەڵاى پێش لە ڕوداو و قاڵەى دواى گەلە گورگ

ماوەیەکى زۆرە لە هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکرێت بۆچى هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد ڕێکناکەوێت و لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنى بەشە بودجەى هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە، کاتێک دەگوترا لەمپەرەکان بەغداد هەرجارەی بە بیانویەک ڕەتى دەکاتەوە، ئیتر کێچ دەکەوتەوە کەوڵى هەندێک و (فڕکەو بانیشار) نە (فڕکەو بەغداد)یان دەکرد و دواى دوو قاوەو موجامەلەیەکى سیاسیانە، ئیتر دەکەوتنە خەبەر بەخشینەوەو پەیجەوان و فەیسبوکەوانەکانیش دەکەوتنە هۆنینەوەى، لەم رۆژانە پێشوشدا کار گەشتبوە نوقڵانەى ئاشبەتاڵ و کۆتایی هێنان بە قەوارەى هەرێم،

بەڵام یەکێک وایزانى ڕادیۆیەو پۆستى سڕییەوە یەکێکی تریش باریکی کردەوەو ئەوەى مایەوە وەفد و دانیشتنە فەرمییەکانى حکومەتى هەرێم بوون، ئاخر ناکرێت و نەکراوە دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ کیانە فەرمییەکان نەکات و بچێت پەنا بۆ حیزب و جوڵانەوە ببات. هەرچۆنێک بێت، خەونى لەباربردنى هەرێم خەونى وشترانەى بەشێک لە لایەنە نەشارەزا و هەناسەکورت و تەکتیکیانە نەهاتە دیى و وا خەریکە گفتوگۆو بەرنامەکان دەچنە سەرسکەى خۆی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی رایده‌گەیاندوە-، پشكی ئه‌م مانگه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌كرا و لە بەرامبەریش دا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 55 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی ده‌داته‌ حكومه‌تی عێراق.

نەک هەر ئەوەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، لەسەر ئاستی ئەمنی، هاوئاهەنگيیەکی زۆر لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و توانیومانە باندێکی گەوەرەی سپیکردنەوەی پارە لە هەولێر دەستگیربکەین. رۆژی چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا. دیارە لە ئێستادا کە هەردولا بەمەبەستى نیەت باشی ئەم هەنگاوانەیان ناوە، لەبری ئەوەى ببێتە مایەى دڵخۆشی هەموان و پێزانین بۆ شاندی هەردولا، کەچى دوبارە کەوتونەتەوە بالۆرەى جۆراوجۆر، وەک کوردەواریی ناوی ناوە (قاڵەى داوى گورگ)کە ئەمەش پیشەو ئیشى هیچ لەدەستنەهاتوو تەمەڵ و ترسنۆکەکانە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، ئەو کۆنووسەی واژۆکراوە بۆ کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بکرێت.

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، کە بۆ سێ ساڵ لەسەریەکە و رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کردوە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی لە (26ـی حوزەیرانی 2023) بڵاوکراوەتەوە، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەواتە بەپێى ڕێککەوتنەکە دەبێت پشکی ئەو مانگانەى پێشوی هەرێمی کوردستانیش بنێررێت، یان وەک قەرز و داشکاندن لە لایان بمێنێـتەوە، ئەگەر لە بەرامبەردا حکومەتى هەرێم ڕەزامەندی بدات لەسەر پێدانى لیستى داهات و خەرجییەکانی ئەو ماوەیە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە. ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.

کەواتە ئێمە دەگەیەنە ئەو بڕوایەی کە ئەوەى ڕوداوەکان ئاڕاستەدەکات لە هەردوو سەرەوە، هەردووک سەرۆک وەزیران و شاندە فەرمیەکانی نێوان هەرێم و بەغدادن نەک حیزب و لایەنە عێراقی و کوردستانیەکان و پاڵەوانەکانى پشتى شاشە، ئەوەى ماوەتەوە ئەوەیە، باشتر وایە ئەوانەى کە هەڵای پێش لەڕوداوەکان دەخولقێنن و پێش ڕوداوەکان دەکەون و نوقڵانە لێدەدەن، چیتر کەس گوێیان لێنەگرێت و دواى ڕوداوەکانیش هەرچییەکیان گوت قاڵەى دواى گورگەو هیچى تر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP