دواین هەواڵ

کلتور‌

 04/08/2023

لە ستایشی خوێندنەوەدا لە فۆڕمی کلاسیکیدا چەند سەرنجێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کتێبی کاغەزییەوە

ئارام سدیق
لە ماوەی ژیانمدا خوێنەرییمدا، هەمیشە حەزم بەوە بووە ئەو کتێبانەی دەیخوێنمەوە کتێبی خۆم بن. بۆ ئەوەی بەکامی دڵ بە تێبینی و سەرنج و هێڵ ڕەشیان بکەمەوە. زۆر کەمن ئەو کتێبانەی خوێندوومنەتەوە و کتێبی خۆم نەبوون، بەشێکیانم دووبارە پەیدا کردووەتەوە و جارێکی دیکە خوێندوومنەتەوە. ئەم هەستە، هەستی خوێنەرێکە کە کلاسیکیانە لە پرۆسەی خوێندنەوە دەڕوانێت و ستایشی زۆری ئەو جۆرە لە خوێندنەوە دەکات. خوێنەری نوێ بە ئایپاد و تابلێت کتێبی pdf، یان دەنگی دەخوێنێتەوە و گوێی لێ دەگرێت. بەڵام من لە چەشنی ئەو خوێنەرانەم کە حەزێکی زۆرم بۆ کتێبی کاغەزی هەیە و بۆنیان دەکەم و لەمسی بەرگ و لاپەڕەکانیان دەکەم، هەر بۆیە تا ئێستاش گەورەترین چێژی خوێندنەوە لە کتێبی کاغەزی دەبینم. هەر لە ماوەی ژیانی خوێنەرییمدا ژمارەی ئەو کتێبانەی بەpdf خوێندوومنەتەوە لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێپەڕ ناکەن ئەویش زۆر زۆر ناچاربووم دەنا چێژ لە خوێندنەوەی کتێبی ئەلیکترۆنی بە هەموو شێوەکانییەوە نابینم.

ئەو چێژ و بەرکەوتنەی ڕۆحییەم لەگەڵ کتێبی کاغەزیدا لە هیچ جۆرە کتێبێکی دیکەدا هەست پێ نەکردووە، ئەوەی دەخوازیت لەگەڵ کتێبەکە و پاڵەوانەکانیدا بکەویتە گفتوگۆ، یان لەگەڵ ئایدیاکانیاندا سەرنج بنووسیت، ئەم ئیمکانە تەنها لە کتێبی کاغەزیدا بەرجەستەیە. کتێبی کاغەزی ئەگەرچی گواستنەوەی قورسە بۆ سەفەر و مامەڵەکردنی ئاسان نییە، بەڵام هەمیشە هاودەمێکە بەشێک لە هێز و سەنگینی بە هەڵگرەکەی دەبەخشێت. ساڵانێکی زۆرە بۆ هەر کوێ چووبم کتێبێک هاوسەفەرمە ئەگەر تا نزیکترین باخچەی گەڕەکەکەشمان بێت، کتێب هاودەمی هەموو ساتەکانمانە.

یادگارییەکان لەگەڵ کتێبە کاغەزییەکاندا ون نابن. دێڕەکان و پەراوێزەکانی خوێنەران لەگەڵ تێکستەکانیدا ئاوێتە دەبن. ڕۆژ و کات و بۆنەی کڕینی کتێبەکە دیسان دەبێتە یادگارییەکی دیکە. لە کتێبخانەکەمدا هیچ کتێبێکم نییە کە ڕۆژی کڕینی پێوە نەبێت، پاش خوێندنەوەیشی ڕۆژی خوێندنەوەشی لە کۆتا لاپەڕەدا تۆمار دەکەم. هاوکات هەر کتێبێک چەندجار بیخوێنمەوە هەمووجارەکان ڕۆژەکەی لەسەر دیاری دەکەمەوە. هەموو ئەمانە بیرخەرەوەی ئەو سات و ڕۆژانەن کە من لە دۆخی خوێندنەوەی کتێبەکەدا تۆمارم کردووە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە ئەم ئیمکانانە لە کتێبی ئەلیکترۆنیدا بەردەست نییە. خۆ ئەگەر تەکنیک پێش بکەوێت و بەشێک لەمانە بەرجەستە بکات، بەڵام لەمسکردنی پەڕەکان و بۆنکرنیان چێژبینین لە دیزاینی بەرگ و لاپەڕەکانی ناوەوە ناتوانرێت لە شاشەیەکدا بەرجەستە بکرێت.

من لەو چەشنەی خوێنەرانەم کە کلاسیکیانە دەخوێنمەوە و هەمیشە قەڵەمێکی ڕەساسم پێیە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەک دەکەومە بنکۆڵکردنی، هەر ئەمەشە کۆمەکم دەکات لەسەر بەشێک لەو کتێبانە بنووسم و ڕانانیان بۆ بکەم، کە بەلامەوە جێگەی سەرنجن. لەگەڵ هەموو ئەوەی کە باسکرا تەنها بۆ چێژبینین کتێبی کاغەزی، زۆر کتێب لە کتێبخانەکەمدایە بەبێ ئەوەی زمانی کتێبەکە بزانم و بتوانم بیخوێنمەوە، بەڵام وەکو کارێکی هونەری مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم و لە جێگەیەکی دیاری کتێبخانەکەم چەشنی تابلۆی نیگارکێشێکی بەناوبانگ هەر بینینێکی ئاسوودەیی و ئارامی ڕۆحیم دەداتێ. ئەم ئیمکانەش تەنها بەرجەستەبووی کتێبی کاغەزییە.

ڕۆژی 30 تەمووزی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی کتێبی کاغەزی دیاری کراوە. بەپێی ئەو سەرچاوانەی باس لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەکەن، ڕۆژەکە بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی کاغەزی لە سەدەی حەڤدەیەمەوەیە، کە خانەی بڵاوکردنەوەی "پەنگوین" کردوویەتی. ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە شۆڕشی چاپ گەشەی کرد و کتێبخوێندنەوە لە کاری نوخبەییەوە بەرەو کاری هەمووان شۆڕبوویەوە. ئەمەش دیسان شۆڕشێکی دیکە بوو کە هیچی لە شۆڕشەکەی گۆتەنبێرگ کەمتر نەبوو کە چاپی داهێنا.

ئەم ڕۆژە بیرخەرەوەیەکی چاکە بۆ دووبارە نزیکبوونەوە لە کتێبی کاغەزی و ئەو چێژ و ئاسودەییە ڕۆحییەی لە هیچ جێگەیەکی دیکە دەست خوێنەران ناکەوێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP