دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/09/2023

بارزانی بۆ کەسوکاری شەهیدانی کەرکوک: خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك كرد.

لە دیدارەكەدا بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

بارزانی ئاماژەشی بەوەدا خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هوشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت كە لەدژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك دەكرێت.

ئەوەشی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە مانای ئەوە نیە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە.

مەسعود بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كەركووك دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت بەڵكو دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقل و مەنتق بەكار بهێندرێت.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا بارزانی هێمای بەوەدا كە بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك تێدەگات و داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكیی و ململانێیی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP